تشرینی دووه‌م 08, 2019 09:31 Asia/Tehran
  • هاوپەیمانیی سەعودی ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای حودەیدەی یەمەنی تۆپباران کرد

هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی شەوی پێنج شەممە بە پێشێلکردنی دووبارەی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، ناوچە ئاوەدانەکان لە پارێزگای حودەیدە لە رۆژاوای یەمەنی تۆپباران کرد.

کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن ڕایگەیاند، دەسدرێژکارانی سەعودی و بەکرێگیراوانیان بە سی و دوو گولـلە تۆپ ناوچەکانی "ئەلجاح" ، "ئەلجەبەلیە" و "حیس" لە پارێزگای حودەیدەیان کردە ئامانج.

لەبارەی خەسار و زیانەکانی ئەو پەلامارانە هێشتا هیچ ڕاپۆرێک بڵاو نەبووەتەوە.

دەسدرێژکارانی سەعودی وبەکرێگیراوانیان شەوی چوارشەممەش هەشتا گولـلە تۆپ و هاوەنیان گرتە شاری "دورەیهەمی" لە باشوری پارێزگای حودەیدە.

ئاگربڕی ڕێککەوتن لەسەر کراو لە سۆئێد لەنێو شاندی نێردراوی سەنعا و شاندی ڕیاز لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە١٨ی دیسەمبەری٢٠١٨ـەوە لە پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژاوای یەمەن دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانیی سەعودی هەموو ڕۆژێک پێشێلی دەکا.

بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەنە.

چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەری٢٠١٨ـەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بەسەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکۆڵمی سۆئێد دەس پێ بوو و رۆژی پێنج شەممە ١٣ی دیسەمبەری٢٠١٨ بە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربڕ لە حودەیدە، کۆتایی بەکارەکەی هێنا.

رژیمی سەعوودیا بەپاڵپشتی ئەمریکا ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥وە دەستی کرد بە دەسدرێژیی سەربازی بۆسەر یەمەن وگەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی ئەو وڵاتەی داوە.

شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن، کوژرانی زیاتر لە شازدە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

دەسدرێژکاریی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی لەڕادەبەدەری خۆراک و دەواو دەرمان کردووەو بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جۆراوجۆر.