ئادار 22, 2020 20:38 Asia/Tehran
  • قۆستنەوەی تەشەنای کۆرۆنا لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ وەدی ھێنانی ئامانجەکانی

ڕێکخراوەی ڕزگاریدەری فەلەستین ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایونی تەشەنای کۆرۆنا بۆ وەدی ھێنانی ئامانجەکانی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان دەقۆزێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی نەشرە، ڕێکخراوەی ڕزگاریدەری فەلەستین ڕایگەیاندووە کە: ئیسرائیل لە سەرقاڵی وڵاتان بە بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک دەرفەتێک بۆ پەرە پێ دانی شارۆچکەسازییەکانی و ھەروەھا دابڕینی قودس لە ناوچەکانی دیکە کەڵک وەردەگرێت.

بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەی ڕزگاریدەری فەلەستین، ئیسرائیل لەم دواییەدا گەڵاڵەگەلێکی ڕاپەڕاندووە کە لە ئەنجامیاندا شارۆچکە سازییەکان لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن پەرە دەستێنن.

بڕێک لە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان ڕۆژی ڕابردوو باسی ئەوەیان کرد کە ئیسرائیل بەنیازە گەڕەکەکانی قودس لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئوردۆن بە تەواوی داببڕێت و نەھێڵێت دانیشتووانی قودس بەوانەشەوە کە شوناسی ئیسرائیلییان ھەیەو لە پشت دیوارەکاندا دەژین بچنە نێو ئەو شارەوەو ھەروەھا ماوەی ئەوەش نەدات کە دانیشتووانی قودس بچنە ناوچەکانی ژێردەستی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینەوە.

ڕژێمی زایونی بەردەوام بەبێ بەھەند گرتنی خواستی کۆمەڵگای جیھانی لە سەر شارۆچکەسازییەکانی لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین دا بەردەوامەو لەم بوارەدا لایەنگریی ئەمریکاشی لە پشتە. دیارە تەواوی ئەو شارۆچەسازیانەشی بە پێی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان نایاسایین. کەچی ھەمیسان بەو ھەنگاوانەی  بە نیازی گۆڕینی داڕشتی جوگرافیایی ناوچەکانی فەلەستین و بە زایونی کردنی سیمای ئەم ناوچانەیە بۆ ئەوەی دەستەڵاتی خۆی  لە ناوچە فەلەستینییەکاندا بچەسپێنێت ئەمەش لە کاتێکدایە کەکۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی جیهانیش گەلێک جار داوایان لە ڕژێمی زایونی کردووە کە کۆتایی بە داگیرکردنی زەوییەکانی فەلەستین بهێنێ.