ئادار 23, 2020 18:37 Asia/Tehran
  • خۆپیشاندانی نیوملوێنیی دژی ناتانیاھۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

زیاتر لە نیو ملوێن کەس لە خۆپیشاندانێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی «بنیامین ناتانیاھۆ» سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بەشدارییان کردو ڕایانگەیاند کە: ناتانیاھۆ بە زۆر خۆی نوساندووە بە پۆستەکەیەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ناڕازییان لەم خۆپیشاندانە مەجازییەدا ڕایانگەیاند: ئیسرائیل جیا لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توشی نەخۆشیی گەندەڵیشە، بەم جیاوازییەی کە کۆرۆنا چەند مانگی دیکە لە کۆڵ دەبێتەوە، کەچی وادیارە گەندەڵی وەک خۆی دەمێنێتەوەو دەبێتە ھۆی ماڵوێرانیی زۆریش.

ڕێکخەرانی ئەم خۆپیشاندانە مەجازییە بزوتنەوەی «پاکتاوکردنی دەستەڵات» بە سەرۆکایەتیی «ئلیعاد شەرغا» و بزوتنەوەی «درکینۆ» بە سەرۆکایەتیی «یابا فینک» بوون.

ھەر لەم حاڵەدا دەیان ئیسرائیلی سەرلەبەیانیی ڕۆزی ڕابردوو لە بەردەم ماڵی« بێنی گانتێز» سەرۆکی ھاوپەیمانیی شین و سپی دەستیان دایە خۆپیشاندان ھەتا لە پێکھێنانی کابینە لەگەڵ ناتانیاھۆ پاشگەزی کەنەوە.

خۆپیشاندانێکی دیکەش لە بەردەم ماڵی «یولی ئێدلشتاین» سەرۆکی کنیسێت بەرپا کرا بەو پێیەی کە گوایە چالاکیی پەرلەمانی پەک پێ خستووەو بە بیانوی کۆرۆنا باری نائاسایی داسەپاندووەو ناھێڵێ لایەنەکەی «گانتێز» سەرۆکێکی دیکە بۆ کنیسێت ھەڵبژێرێت.