ئه‌یلوول 30, 2020 02:27 Asia/Tehran
  • نەسروڵڵا: ئامانج لە تیرۆری سەردار سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس بووژاندنەوەی داعش بوو

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی سێ شەممە لە لێدوانێکدا، ئامانجی تیرۆریستانی ئەمریکای لەمەڕ شەھید کردنی سەرداری سپەھبۆد حاج «قاسم سولەیمانی» فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و «ئەبو مەھدی موھەندیس» جێگری سەرکردەی حەشدی شەعبیی عێراقی بووژاندنەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعش ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید حەسەن نەسروڵڵا» سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەمریکا دوای ئۆپراسیۆنی تیرۆرکردنی شەھیدان سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس دەستی کردووە بە ڕێکخستنەوەو بووژاندنەوەی تاقمی تیرۆریستی داعش، وتیشی: ئامانجی ئەمریکا لە بووژاندنەوەی دووبارەی داعش پاسادانی مانەوەی ھێزەکانی لە ناوچەکەدایە.

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان تیشکی خستەسەر دەستوەردانەکانی فەرنسا لە کاروباری نێوخۆیی لوبنان و وتیشی: ئەوەی وا فەرەنسا لە لوبنانییەکانی چاوەڕوان دەکات ئەمەیە کە زۆرینە لە لوبناندا بکشێنەوەو کاروبار بسپێرن بە کەمینەیەک.

«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ھەروەھا ئاماژەی کردە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ھێندێک لە ڕژێمە عەرەبییەکانی وەک بەحرەین و ئیمارات لەگەڵ ڕژێمی زایونی و وتیشی: نەتەوەکان ھاوڕێیەتیی بڕیاری دەوڵەتەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایونی ناکەن.

«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئینجا داوای لە گەلی لوبنان کرد کە دێرووک و مێژینەی خەباتی خۆیان بناسن و نەھێڵن لەژێر ناووناتورگەلێکی وەک تیرۆریزم و پرسی ئابووری کاریگەریی بخرێتە سەر.

«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ھەروەھا ستایشی ھەڵوێستی وڵاتانی تونس و ئەلجەزایریشی کرد لە بەر مل نەدان بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایونی و وتیشی: ئەوانەی وا ڕوویلان لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە بەم زووانە لەوە تێ دەگەن کە ھەڵسەنگاندنەکانیان ھەڵە بووەو داھاتوو ئەمەیان پێ دەسەلمێنێ.

سەرپەیڤ