تشرینی دووه‌م 21, 2020 19:20 Asia/Tehran
  • ئیندیپێندت: ژنانی چالاکوان لە بەندینخانەکانی سعودییەدا دەستدرێژیان کراوەتەسەر

ڕۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، چالاکوانانی دۆسیەی مافەکانی ژنان لە بەندینخانەکانی سعودییەدا ڕوبەڕووی دەستدرێژی و ئەتککردن و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە کە ڕۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە، 309 سیاسی ڕوبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بونەتەوە لەوەتەی محەمەد بن سەلمان بووەتە شازادەی جێنشینی سعودییە لە ساڵی 2017ەوە.

دامەزراوەی گرانت لیبرتی خێرخوازی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە ئامادەکاری ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکەیە، دەشڵێت، خەڵکانێک ڕوبەڕووی مردن بونەتەوە بەهۆی تاوانێک کە ئەوکاتەی لە تەمەنی 9 ساڵیدا بوون ئەنجامیانداوە.

ڕونیشیکردوەتەوە، شەش کەس لەو 27 بەندکراوە سیاسییەی کە پێشتر چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بوون ڕوبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

لای خۆیەوە خوشکێکی لجین هزلول، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە سعودییە، کە بۆ بیست و سێهەمین ڕۆژە مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، دەڵێت خوشکەکە لە بەندینخانەدا ڕوبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی  بووەتەوە.

لینا هزلول، خوشکی بچوکی لجین وتی، “خوشکەکەی لە بەندینخانەیەکی ئابلوقەدراو بە پاسەواندایە”.

لای خۆیانەوە ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایانکرد کە لجین ناچار بە چەندین ئەشکەنجە کراوە لەوانە لێدانی کارەبا و جەڵد و گێچەڵی سێکسی.

لجین، لە ئایاری 2018 لەگەڵ 10 چالاکوانی دیکەی بواری مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی ڕیاز-ەوە دەستگیرکران پاش ئەنجامدانی هەڵمەتێک لەبواری مافی ژنان لە شۆفێریکردن لە سعودییە.

هاوکات عەبدوڵا غامدی، چالاکوانی سعودی لە مەنفا دەڵێت، “لە ساڵی 2012 مافی پەنابەریم لە بەریتانیا وەرگرت، پێشتر هەڵمەتێکم بۆ کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەت و سیاسەتی سەرکوتکردن لە میرنشینی عەرەبی سعودییە ئەنجامدەدا”.

غامدی ئەوەشی وتووە، “خۆشبەخت بووم کە لەو وڵاتە دەرچووم، بەڵام چیرۆکێکی دیکەی خێزانەکەم هەیە، دایکم و دوو لە براکانم دەستگیرکران، نەک لەبەر ئەوەی تاوانیان کردبێت، بەڵکو بەهۆی چالاکییەکانمەوە”.

سەرپەیڤ