May 08, 2018 23:23 Asia/Tehran
  •  دەنگدانەوەی سەرکەوتنی میحوەری موقاوەمە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی لوبنان و لێدوانی گرینگی سەید حەسەن نەسروڵڵا

سەید حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە یەکەم وتاردانەکەی پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەو وڵاتە، ئەو هەڵبژاردنانەی بە دەسکەوتێکی مەزنی نیشتمانی زانی بۆ لوبنان.

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی لوبنان رۆژی یەکشەممە شەشی مای بەڕێوە چوو. وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتەو داڕشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕاگەیاند کە بەگوێرەی، "٦٧ کەس لە١٢٨ کەس" ی نوێنەرانێک کە چوونەتە پەرلەمان سەربە حیزبوڵڵای لوبنان و هاوپەیمانەکانی واتە باڵی هەشتی مارسن.

باڵی هەشتی مارس پێکهاتوو لە گرووپ و لایەنە لوبنانییەکانی نەیاری زاڵێتی رۆژاوا بەڕێبەریی حیزبوڵڵای لوبنانە. گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لوبنان بەتایبەت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەو وڵاتە دەریخست کە حیزبوڵڵا لەپاڵ دەوربینینی لە دەم و دەزگەی بەرگریی لوبنان لە چوارچێوەی هاوکێشەی بەهێزی"سوپا-گەل-موقاوەمە"، لەبواری سیاسی لوبنانیش وەک پارتێکی سیاسی خاوەن خۆشەویستییەکی باڵایە.

هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی لوبنان لەڕاستیدا گشت پرسی لەسەر هێڵی موقاوەمە، یەکڕیزیی نیشتمانی و ڕزگارکرانی ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنانە. سەرکەوتنی حیزبوڵڵای لوبنان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان سەرکەوتنێکی مەزن بوو کە کەمڵێنەری سەرکەوتنەکانی گەلی لوبنان بەسەر ئیسرائیل و تیرۆریستانی تەکفیریدا بووە. بێگومان ئەو سەرکەوتنە دەتوانێ دەورێکی گرینگ ببینێ لەداهاتووی ناوچەداو ڕێوشوێنی زیرەکانەی سەید حەسەن نەسروڵڵا لەو سەرکەوتنەدا، شوێندانەر بووە.

ەسەروتاری رۆژنامەی ئینتێرنێتی "رای الیوم" دا هاتووە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیی لوبنان کە سەرکەوتنی حیزبوڵڵاو شکستی ڕەوتی خەنیمی لێکەوتەوە، زۆربەی هاوکێشەکان لەو وڵاتە دەگۆڕێ.

قسەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان پاش ڕوون بوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێداگرییەک لەسەر ماک و شووناسی موقاوەمەی بەیرووتە، جێی سەرنج بوو.

 سەرکەوتنی حیزبوڵڵاو هاوپەیمانەکانی لەو هەڵبژاردنانە، داکۆکی بەشی زۆری لوبنانییەکان لە میحوەری موقاوەمە بەهێز دەکاو هاوکێشە نەریتییەکان کە خوازیاری پێ مل بوونی لوبنان و کەوتنە نێو ریزی وڵاتانی سازشکاری عەرەبی وەک هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکاو گەڵاڵەکانی لەمەڕ داکۆکی لە رژیمی داگیرکەرەی ئیسرائیلە، دەگۆڕێ.

لەمێژینەترین و لەهەمان کاتدا پاوەجێترین دیموکراسیی جیهانی عەرەب واتە لوبنان، جارێکی دیکە کارامەیی خۆی دەرخست و خەڵکی ئەو وڵاتە لەگۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە ڕایانگەیاند، ناکەونە ژێر کارتێکەریی دەسوەردانی حکومەتە ڕۆژاواییەکان و ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی عەرەبی. سەرکەوتنی بەرەی موقاوەمەو دەنگی جەماوەری لوبنان بە پێڕستی پێکهاتەیی حیزبوڵڵاو هاوپەیمانەکانی پشت ڕاست کردنەویە سیاسەتەکانی حیزبوڵڵا لەمەڕ یارمەتیدانی سووریا لەهەمبەر تیرۆریستان بۆ پێش گرتن بە دزەی تیرۆریستان بۆنێوخاکی لوبنان و درێژەی خۆڕاگریی لەبەرامبەر ئیسرائیلە. لە وەها بارودۆخێکدایە کە کۆڕ و نێوەندە سیاسییەکانی لوبنان، بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی لوبنان و ئەنجامەکانی، بەسەرکەوتنێکی مەزن بۆ گشت گەلی لوبنان لە تایفەو ئەتن و ڕەوتی جۆراوجۆری سیاسی، لەقەڵەم دەدەن.

گۆڕانکارییەکانی ناوچە واپێشان ئەدا کە لوبنانی نوێ بەداڕشتی موقاوەمەو جەهاد لەحاڵی لەدایکبوونە کە مزگێنی بەخشی هاتنەدی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێی جێی سەرنجی گەلانی ناوچەیە. ئەو گۆڕانکارییانە بەکردەوە گەڵاڵەی پیلانگێڕانەی ئەمریکی کە لەدووی گەڵاڵەی ئاژاوەگێڕانەی وەک"خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"ی جێی سەرنجی ڕۆژاوا لەناوچەن ، خستووەتە ژێر کارتێکەری. ئامانجی رۆژاوا لە گەڵاڵەی پیلانگێڕانە بۆ ناوچە، لاوازکردنی وڵاتانی ناوچەو پارچە پارچە کردنی ئەو وڵاتانە لەبواری جوگرافی و هەروەها گۆڕان لە داڕشتی سیاسیی ئەو وڵاتانە بۆ پێملبوون لەهەمبەر رژیمی زایۆنیستی و گشت دەسەڵاتە زاڵێتی خوازەکانە، بەڵام بەرەی موقاوەمە لەناوچە، ئەو پیلانگێڕییانەی رۆژاوای یەک لەدوای یەک شکست پێ داوە.

سەرپەیڤ