ئه‌یلوول 02, 2019 20:00 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی زەبرە تۆڵەسەئەستێنانەوەکانی حیزبوڵڵا لە ڕژێمی زایونی

زەبری گورچکبڕی حیزبوڵڵا لە ڕژێمی زایونی

بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان ئێوارەی یەکشەممە بە مووشەکێکی کورەنت دوو ترۆمبیلی سەربازی ڕژێمی زایونیان لە باکووری فەلەستینی داگیرکراودا کردە ئامانج کە یەکێکیان بە تەواوی تەقیەوە و کە بەوهۆیەوە سەرکردەیێکی سوپای ڕژێمی زایونی لە باکووری فەلەستینی داگیرکراودا کوژرا.

زەبری گورچکبڕی حیزبوڵڵا لە ڕژێمی زایونی

هەنگاوەکەی حیزبوڵڵا لە پێناو پەلاماردانی ئەو ترۆمبیلە سەربازیە بۆ قەرەبوو کردنەوەی دەسدرێژیەکانی ئەمدواییەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو ڕژێمە بوو بۆ سەر ناوەندی زانیاری گەیاندنی حیزبوڵڵا لە ناوچەی زاحیەی باشووری لوبناندا کە حەفتەی ڕابردوو ڕووی دابوو، بۆیە لە حەفتەی دواییدا هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایونی لە ترسی وڵامدانەوەی حیزبوڵڵا لە حاڵەتی ئامادەبوونی تۆکمەوتەواودا بوون.

وڵامەکەی حیزبوڵڵا بە دەسدرێژکاریەکەی ئیسرائیل کاردانەوەیێکی بەربڵاوی بووە.

دەریاوان عەلی شەمخانی نوێنەری مەقامی مەزنی ڕێبەری و سکرتێری ئەنجۆمەنی ئاسایشی نیشتمانی

دەریاوان عەلی شەمخانی نوێنەری مەقامی مەزنی ڕێبەری و سکرتێری ئەنجۆمەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کاردانەوە بە ئۆپەراسیۆنەکەی حیزبوڵڵای لوبنان لە دژی هێزە سەربازیەکانی ڕژێمی زایونی گوتی: هەنگاوە تۆڵەئەستێنانەوەکەی حیزبوڵڵای لوبنان لە دەسپێکی ڕۆژانی تازیەباری حەزرەتی اباعبدالله الحسین (ع)، بۆ جارێکی دیکە زایەڵەی پڕ لە شانازی دروشمی "هیهات من الذله"ی لە ئاستی جیهاندا بەرز کردەوە. بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی بۆ سەر ئاسمانی ئێران و تەمێ کرانی ڕژێمی زایونی لەلایان حیزبوڵڵای لوبنانەوە، سەلمێنەری ئیرادە و ویستی بەرەی خۆڕاگریە لەبەرامبەر هەڕەشە و گوڕەشە و ئاژاوەگێریەکانی بەرەی ئاژاوەگێڕان لە ناوچەکەدا.

خەڵکی لوبنانیش بە وەڕێ خستنی کارەوانی شادی لەسەر شەقام و جاددەکانی لوبنان، خۆشحالی خۆیان لە هێرشەکەی حیزبوڵڵا بۆ سەر بنکە و بارەگای ڕژێمی زایونی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕی.

خۆشحالی خەڵکی لوبنان لە هێرشەکەی حیزبوڵڵا بۆ سەر بنکەی ڕژێمی زایونی

هەر لەم پەیوەندیەدا هەندێ لە کەسایەتی و پارت و لایەنە سیاسیەکانی لوبنانیش پاڵپشتی خۆیانیان لە وڵامەکەی حیزبوڵڵا بەو هەنگاوە دەسدرێژکارانەیەی ئەمدواییەی ڕژێمی زایونی لە زاحیەی بیرووتدا دەربڕی.

حەسەن فەزلوڵڵا، پەرلەمانتاری لوبنانی و ئەندامی فڕاکسیۆنی "ئەمەگداری بە خۆڕاگری" گوتی: ئێستا ئەوە ئیدی دوژمنی زایونیستی تێگەیشت کە پەلاماردانی لوبنان بە بێ وڵام نامێنێتەوە.

ئیلیاس بووسەعب وەزیری بەرگری لوبنانیش لە کاردانەوە بە وڵامەکەی حیزبوڵڵا بە ڕژێمی زایونی گوتی: ئەم وڵاتە هەر قەیرانێک کە دەرباز دەکات، بەهێزتر دەبێتەوە. بەتایبەت لە سای سەرۆک کۆماری بەهێز و بەرپرسانی وشیار لە هەموو بەشەکاندا. ئەم بابەتە بە جوانی ئاشکرایە، بۆیە ئیسرائیلیەکان دەبێ لەم بابەتە وانەیێکی باش فێر بن.

وەلید جونبەلات، سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی پێشکەوتنخوازی لوبنانیش لە کاردانەوەی بەرامبەر بەو وڵامەی حیزبوڵڵا پێیداگرت کە وڵامدانەوە بە دەسدرێژیەکانی ئیسرائیل بەشێکی لەبڕان نەهاتووی ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕژێمەیە.

وەلید جونبەلات، سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی پێشکەوتنخوازی لوبنان

هەواڵدەریی فەرەنساش لە کاردانەوە بە نوشستی هێنانی پەلاماری ئاسمانی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت و وڵامەکەی حیزبوڵڵا بەو دەسدرێژکاریە ڕایگەیاند کە پەلامارەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پیشان دەدات کە ئەم ڕژێمە شایەتی لاواز بوونی توانای فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانی خۆیەتی.

کۆمکاری عەرەبیش لە بڵاونامەیێکدا بەوشداریدان لەمەڕ شوێنهاتەکانی بوردمانەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، هاودەنگی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان ڕاگەیاند.

کۆمکاری عەرەب

هەموو ئەو هەڵوێست و ڕوانگە و ڕادەربڕینانە لە حاڵێکدا دێنە ئاراوە کە ڕژێمی زایونی بە هۆی وڵامی بەبڕشتانە، گورچکبڕ و یەکلایی کەرەوەکەی حیزبوڵڵاوە شۆک بووە و بێنیامین نتانیاهووی سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە کە ئەم ڕۆژانە بەدوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕژێمەکەیەتی، ڕێی گرتووە لە هەرچەشنە گفتوگۆی کاربەدەستانی لەپەیوەندی لەگەڵ وڵامەکەی ئەمدواییەی حیزبوڵڵادا هەتا نوشستی ‌هێنانی  ئەو ڕژێمە لە بەرامبەر سیاسەتی هەتاهەتایی دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ پتر لەوە نەبێتە هۆی شەرمەزاری ئەو لە نێوخۆی فەلەستینی داگیرکراودا.

 

سەرپەیڤ