ئادار 20, 2020 00:56 Asia/Tehran
  • سەرەخۆشی بەبۆنەی ساڵوگەڕی شەهادەتی حەزرەتی ئیمام موسا کازم (ع)

ئەمڕۆ هەینی بیست و پێنجی مانگی ڕەجەب ڕێککەوتە لەگەڵ ساڵهاتی شەهادەتی حەزرەتی ئیمام مووسا کازم (ع) ئیمامی حەوتەمی شیعەکانی جیھان.

حەزرەتی ئیمام مووسا کازم (ع) ناسراو بە کازم و بابولحەوایج و عەبدی ساڵح لە ڕۆژی یەکشەممە حەوتی مانگی سەفەری ساڵی سەدو بیست و هەشتی کۆچیی مانگی لە گوندی ئەبوا لە نێوان مەککە و مەدینە لە دایک بووە.

کازم واتە کەسێک کە توانای بەرەنگاربوونەوەی توڕەیی هەیە و دەتوانێ بەسەری دا زاڵ بێت.ئەم ناسناوە شیاوی کەسایەتییەکی وەک ئیمام مووسای کازمە کەبەشێکی ساڵانی ژیانی لەتاراوگە وزیندان وەپشت سەر نا و بۆ بەرزکردنەوەی زانستە ئیسلامییە کان و پەرەپێدانیان ، زەحمەتێکی زۆری کێشا.

ئیمام مووسا کازم کە ئامانجی بنەڕەتی لە دژایەتی کردنی ڕەوت و قوتابخانە چەواشەکارەکان ڕێنوێنی کردنی کەسانی هەڵخەڵەتاو بوو بە لۆژیک و حوجەتی بەهێز و بەڵگەی ڕوون لەگەڵیاندا وتووێژی دەکردو بیروباوەڕو ڕێبازەکەیانی بەرپەرچ دەدایەوە.

هاڕون ڕەشیدی خەلیفەی عەباسی لە ماوەی دەسەڵاتداریەکەی دا چەندین جار ئەو حەزرەتەی خستە بەندیخانەوە، بەڵام هەموو جارێک ڕوداوێک دەهاتە پێش و دەبووە هۆی ئازادبوونی. ئەوە بوو کە دواجار لە لایەن کەسێک بە نێوی بەشارەکەوە دەرمانخوارد کراو لە ڕۆژی بیست و پێنجی مانگی ڕەجەبی ساڵی سەدو هەشتاو سێی"ی کۆچیی مانگی لە تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵی دا شەهید کراو لە شاری کازمەین بە خاک سپێردرا.

چالاکی ئەو حەزرەتە لە دووبەرەدا دەستی پێ کرد، یەکیان خەبات دژ بە دەسەڵاتداریەتی ملهوڕان و نەچوونە ژێرباری ملهوڕان و ئەوی دیکەشیان ڕێنمونی کردنی خەڵکە. دلۆڤانی و کەرەمی ئیمام مووسای کازم ویردی سەر زمانان بوو و خەڵک بە کەسایەتییەکی نەرم و نیان و بوردەبار و بێ فیزیان دادەنا.

ئیمام موسا کوری حه‌زره‌تي‌ئيمام‌ جه‌عفه‌ر صادق (ع) به‌ یه‌کێک له‌ په‌يره‌واني‌ خۆی فه‌رموويه‌تي؛ له‌ خودا بترسه‌ و عیباده‌تی خودا بکه‌ و حه‌ق بڵێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بفه‌وتێی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتنی حه‌ق رێگای رزگاريی تۆیه‌. خودا بپه‌ره‌ستەو ده‌ست له‌ به‌تاڵ هه‌ڵگره‌ و به‌ جێی بهێڵه‌ ئه‌گه‌ر چی رێگای ده‌ربازبووني‌تۆی تێدابێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ناوچوونی تۆی تێدایه‌.

ئیمام مووسای کازم (ع) هەروەها ئەفەرمووێ: بانترین شت که مرۆڤ لەخوداوە نزیک دەکاتەوە پاش ناسینی خودا ،نوێژ و چاکەکردن بەرامبەر دایک و باوک و واز هێنان لە خۆبه زلزانی و فەخرفرۆشییە. 

لەساڵڕۆژی شەهادەتی ئیمام مووسازی کازم (ع) سەمبولی بوردەباری و خۆڕاگریدا سەرەخۆشی لە هەمووان دەکەین.

سەرپەیڤ