ئادار 22, 2020 11:17 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی جێژنی مەبعەسی پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام(ص)

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی ڕەجەبی ساڵی ١٤٤١ی کۆچیی مانگی ڕێککەوت لەگەڵ ٢٢ی مارسی ٢٠٢٠، مەبعەسی پێغەمبەری نازدار (ص)ە.

جێژنی مەبعەس ئەو ڕۆژەیە کە حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) لە تەمەنی چل ساڵان دا لە ئەشکەوتی حەرا بە ھۆی جبرائیلەوە و لە لایەن خوداوەندی ناقانەوە بۆ پێغەمبەرایەتی ھەڵبژێردرا.

حەزرەتی محەممەد (د.خ)  وەکو دوایین پێغەمبەری مەزنی ئیلاھی لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەجەبی ساڵی چلی عامولفیل بۆ پێغەمبەرایەتی ھەڵبژێردرا ھەتا ئەو کۆمەڵگای نەزانەی کە نوقمی نەزانی و ڕەوشت نزمی بوو بەرەو ئاکاری بەنرخ و کەرامەتی مرۆڤایەتی و نەوس بەرزی ڕێنوێنی بکات.

بیعسەتی پێغەمبەری سەردار(ص) دەبێ وەک دەستپێکی پێکھاتنی گەورەترین شارستانیەتی ئیسلامی و ئاکاریی جیھان لێک بدرێتەوە کە مرۆڤەکانی لە چەپەڵییە ھزری و بڕواییەکان بە درێژایی مێژوو دەرباز کرد.

پێغەمبەری مەزنی ئیسلام(ص) بە پەرجووی قورئانی پیرۆزەوە کە باشترین و تۆکمەترین پەڕتوکی ئاسمانییە ھەڵبژێردراوە کە دیارە وەھا ھەڵبژێردرانێکیش لە ڕاستی دا تەقینەوەی ڕوناکایی و چەکەرە کردنی بایەخە مرۆڤییەکان بووە لە ژیانی مرۆڤایەتی دا.

بەڕێزی بە ھێنانی کتێبی ئاسمانیی قورئان، بناغەی واتاگەلێکی تازەی لە ڕووی ڕێزلێنان لە ئافرەتان و کچان، خەباتی دژی ستەم و بت پەرستی، یارمەتی دانی ھاوچەشن، تەوحیدوتاقانەپەرستی و ئاکاری جوان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا داڕشت و ڕێگای گەییشتنی مرۆڤەکان بە بەختیاریی دنیاو دواڕۆژی پیشان دا.

ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتنی گەورەترین جێژنی موسڵمانانی جیھان، ساڵگەڕی بیعسەتی حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) لە ھەموو موسڵمانانی جیھان پیرۆز دەکات.

سەرپەیڤ