نیسان 29, 2020 14:17 Asia/Tehran
  •  ڕۆژی نیشتیمانیی «کەنداوی فارس» وەبیرھێنەرەوەی شوناسێکی ھەتاھەتاییە

کەنداوی فارس مێژینەیەکی بە قەدەر مێژووی سەرزەوینی ئێران ھەیە و ناوی «فارس» لە سەر ئەم پانتاییە دەریاییە پێداگرتنێکە لە سەر شوناسی مێژوویی ناوچەکە.

«سەیید عەبباس ساڵحی» وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەھەمی بانەمەڕ(٢٩ی ئاپریل) ڕۆژی نیشتیمانیی «کەنداوی فارس»، ئەم ڕۆژە مێژووییەی بە ھەلێک زانی بۆ ڕێزگرتن لە ھەزاران ساڵ ڕۆشنبیری و کلتوورو ژیاروھونەری ئێرانییەکان.

ڕۆژی نیشتیمانیی «کەنداوی فارس»

ئێرانییەکان بەرلەوەی کە ھۆزەکانی دیکە بگەنە لێوارەکانی ئەم دەریایە ھەزاران ساڵی یەک لەدوای یەک دانیشتووی ئەم شوێنە بوونەو بنج و بناوانی وەھا شارستانیەتێکی لەمێژینەیان لە لێوارەکانی کەنداوی فارس دا داکوتاوە کە ھۆزو ڕەگەزەکانی دیکەشی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە.

بە شایەتیی مێژوونووسان، کەنداوی فارس لانکی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە. شارستانیەتێک کە تەواوی خەڵکانی جیھان پێناودارنی. تەواوی ھۆزو زمانەکان لە ھەر شوێنێکی ئێرانی ئیسلامی پاسەوانی ئەم میراتە پڕبایەخەن و ناوی کەنداوی فارس بۆ تاک تاکی ئێرانییەکان وەبیرھێنەرەوەی شکۆمەندی، گەورەیی و مێژووی زێڕینی کلتوورو شارستانیەتی ئێرانی لە جیھان دایە.

ڕۆژی نیشتیمانیی «کەنداوی فارس»

«موحەممەد عەجەم» نووسەروتوێژەری بواری کەنداوی فارس و ڕۆژئاوای ئاسیا و لە دامەزرێنەران و ھەڵسوڕاوانی ناوەندی موتاڵای کەنداوی فارس لە بارەی گرینگایەتیی ناوچەی کەنداوی فارس و کاریگەریی ئەم ڕێگائاوییە لە سەر بوارو ڕەھەندە جۆربەجۆرەکان دەنووسێت: ھەستیاریی کەنداوی فارس بە سەرنجدانی ڕەھەندە ئابووری، سیاسی، بازرگانی و پەیوەندییەکانی لە ئاستی جیھاندا گەلێک گرینگە لەو بەڵگانەش کە بە زمانی عەرەبی بوونیان ھەیە وشەی «خلیج الفارس» ی بۆ بەکار ھێنراوەو لەم بوارەدا ١١ بەڵگەناوەی جێی بڕواش لە ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا ھەن کە تیایاندا ناوی«خەلیجی فارس» واتە ھەمان «کەنداوی فارس» بەکار ھاتووە.

«موحەممەد عەجەم» نووسەروتوێژەری بواری کەنداوی فارس و ڕۆژئاوای ئاسیا

نووسینگەی ڕێ کخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ھێندێک بەیاننامەدا بە ڕاشکاوی باسی ئەوەی کردووە کە بە گوێرەی بەڵگەو ئەتڵەس و نەخشەو خەریتە جوگرافیاییەکان، ئەم ناوچە ئاوییە «خەلیجی فارس» یان بە کوردییەکەی «کەنداوی فارس»ی پێ دەگوترێت. لەو بەڵگانەش بەیانامەیەکە کە لە ئاگۆستی ساڵی ١٩٨٤ تۆمار کراوە.

نەخشەی جیھان ھی «ئەناکسیماندەر_Anaximander»، جوگرافیازانی یۆنانی ؛نەخشەی جیهان ھی «ھێکتائوس_Hecataeus» لە کەسایەتییە ھەرەناودارەکانی جوگرافیازان ی یۆنانی و ھەروەھا نەخشەی جیھان ھی «بەتڵەمیوس_Claudius Ptolemy) ئەستێرەناس و جوگرافیازانی بەناوبانگ؛ بەشێکن لەو بەڵگەنامە مێژووییانە.

کەنداوی فارس لە بەر بایەخە جوگرافیایی و شارستانییەکەی گۆڕەپانی ململانێ و گێرەوکێشەکانی دەستەڵاتدارانی کۆڵۆنیالیست و دەست درێژکاریش بووە. لەوانە سەردەمی ئامادە بوونی بیانییەکان، زاڵیەتیی ١٥٠ ساڵەی پۆرتۆگالییەکان بەسەر ئەم ڕێگەئاوییەو گەرووی ھۆرمۆز کە سیھەمی ئاپریلی ساڵی ١٦٢١ی زایینی کۆتایی پێ ھات.

«ئالبوکێرک» دەریاگەڕی ناوداری پۆرتۆگالی لەو باوەڕەدا بوو کە ھەر وڵاتێک بە دەست گرتن بە سەر سێ ناوچەی «مالاکا»،«عەدەن» و «ھۆرمۆز» دەتوانێ بەسەر بازرگانی و سات و سەودای جیھاندا فەرمانڕەوایی بکات. ئەم بۆچوونەش وایکرد کە پۆرتۆگالییەکان دوای ماوەیەک دوورگەکانی قشم، ھۆرمۆز و گەمبرون«بەندەر عەبباس»ی ئێستا بخەنەژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

ناودێرکرانی ڕۆژی نیشتیمانیی کەنداوی فارس لە ڕاستی دا پیاداچوونەوەیەک بە مەزنایەتی و ڕەسەنایەتیی مێژووی ناوچەکەیە. بەتایبەت کە ئەم ناودێر کردنە ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵگەڕی دەرپەڕاندنی دەست درێژکارانی پۆرتۆگالی لە کەنداوی فارس دا. کۆڵۆنیالیستانی بریتانیش لە بڕگەیەکی مێژووی کەنداوی فارس چاوی تەماحیان بڕیوەتە ئەم ناوچەیە، کەچی ئەوانیش ھەر سەرەنجام ناچار کراون لەناوچەکە بڕۆن و بەجێی بھێڵن. بریتانییەکان چوارجار پەلاماری بوشەھریان داوەو ھەرجارێکیش زانایانی ئایینی فەتوای جیھادوبەرگری کردنیان دەرکردووە و ئینجا سەردارگەلێکی دلێری وەک «ڕەییس عەلیی دلواری»،«ئەحمەدخانی تەنگستانی» داستانیان ڕسکاندووەو پیرەکۆڵۆنیالیستیان بەچۆک دا ھێناوە.

«ڕەییس عەلیی دلواری»،«ئەحمەدخانی تەنگستانی»

مێژووی ناوچەکە بەجاران ئەوەی دەرخستووە کە کە بیانییەکان قەت ھیچ شوێنێکیان لە کەنداوی فارس دا نەبووەو نییەو ئەم ناوچەیە ھەرگیز نابێتە شوێنێک بۆ ڕمبازێن و دەستەڵات نواندنیان. ئەم زاکونە مێژووییە لە ئەمڕۆدا ئەمریکاش دەگرێتەوە.

«موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توییتێکدا وێڕای پێداگرت لە سەر ئەمەی کە ھێزی دەریایی ئەمریکا ڕێگای لە ئاوەکانی ئێراندا بۆ دەرناکرێت، نووسیویەتی: کەنداوی فارس دووھەزار ساڵ بەر لەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدی بێت ھەر ئەم ناوەی لە سەر بووە. ئەوانە یان لەوانەیە ناوی کەنداوی فارس نەزانن و یان نازانن کە خەوت ھەزار مایل دوورتر لە ماڵ و حاڵی خۆیان و لە گردوپەڕی ئێراندا چ دەکەن».

«موحەممەد جەوادی زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ھەر ھێندە بەسە ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوەو ئەوسا دەزانین کە «کەنداوی فارس» میراتێکی گرانبایی و خاوەنی پێناسەو شوناسێکی ڕوونی مێژووییەو ئەگەر ھەزاران جاریش ناوێکی دیکەی لە سەر دابنێن، «کەنداوی فارس» دیسانەوەو بۆ ھەتاھەتاشە ھەر وەک کەنداوی فارس دەمێنێتەوە.

سەرپەیڤ