کانونی دوھەم 12, 2017 10:56 Asia/Tehran
  • هاوکات لەگەڵ تەشەنەی ناکۆکی لە نێوان پارتی و پەکەکە؛ مەلا بەختیار دەڵێ: یەکێتی و پەکەکە پێوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە

لە کاتێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان سوور و پێداگرە لە سەر چوونەدەری هێزەکانی پەکەکە لە شەنگال، کارگێڕیی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان یەکێتی و پەکەکەدا هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی چاودێر؛ "مەلا بەختیار" لە وتووێژ لەگەڵ راوێژکارانی ڕێکخراوی نەتەوەکان  لە ئێراق، بە ڕەخنە لە سەفەری سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان وتی کە ئەو لەم سەفەرەدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پەلاماردانی پەکەکە و کوردی سووریا، یاسا و ڕێساکانی دیپلۆماتیکی بنپێ کردووە.
شایابی باسە بنعەلی یەلدریم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕۆژی شەممە سەردانی هەولێری کردووە و لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی، پەکەکەی وەک داعش وەسف کرد و بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە پەکەکە و پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا (PYD) و پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا (YPG) هەمووی هەر یەکێکن، ڕایگەیاند کە جم و جۆڵی پەکەکە لە شەنگال بە هیچ لەونێ پاسا نادرێتەوە و وڵاتەکەی ئەوەی لە دەستی بێ دژ بە پەکەکە دەیکات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق کێشە و ناکۆکییەکی زۆر و بەربڵاوی لەگەڵ پەکەکە هەیە و ڕایگەیاندووە کە بۆ وەدەرنانی پەکەکە لە شەنگال ناچار بێ هێزی سەربازیش بەکار دێنێ.
مەلا بەختیار پێی داگرت کە کاتی ئەوە گەیشتووە کە ئەو کێشە و ناکۆکییانە لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە چارەسەر بکرێن و هەموان ڕێز دابینێن بۆ دەسەڵاتدارێتی و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو وتیشی کە بەو سیاسەت و کردەوە و ئاکارانەی ئێستای تورکیا بەرامبەر بە کوردەکانی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان، وێناچێ ئەم کێشە و ناکۆکییانە چارەسەر بکرێن.