نیسان 17, 2017 09:31 Asia/Tehran
  • مەحما خەلیل: لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی شنگالدا داوای دەرکردنی پەکەکە دەکرێت

لە پارێزگای دھۆک کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاردرا جگە لە ئاوەدانکردنەوە، لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا داوا بکرێت پەکەکە لە شنگال دەربکرێت

مەحما خەلیل، قایمقامی قه‌زای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ئەمڕۆ( یەکشەممە ) لە شاری دھۆک بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێیی دھۆک و شنگال و موسڵ کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا، وەک ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی، کە بڕیارە لەم مانگەدا بە بەشداریی نوێنەری وڵاتانی ھاوپەیمانان و کونسوڵخانەکان و یو ئێن و حکومەتی ناوەندی و لەژێر چاودێریی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بەڕێوە بچێت.''

قایمقامی قەزای شنگال وتی: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چەند بڕیارێکدرا بۆ ئەوەی لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا دەربارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال باس بکرێن، لەوانە کۆنفرانسەکە لە شاری ھەولێر ئەنجام دەدرێت و چەند رۆژی داهاتوو بەپێی ھەبوونی کاتی ھەموو ئەوانەی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا دەکەن، کاتەکەی دیاری دەکرێت و جگە لەوەش ھەموو داتا و پڕۆژەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دیاری کران.''

مەحما خەلیل راشیگەیاند: ''گرنگە پێش ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە ڕووی ئەمنییەوە دۆخی شنگال سەقامگیر بێت، بۆیە لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال داوا دەکرێت، ھێزە نایاساییه‌کانی وەک پەکەکە لە شنگال دەربکرێن، بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.''