حوزه‌یران 17, 2017 08:51 Asia/Tehran
  • تەقینەوەی نارنجۆک لە مزگەوتێکی سلێمانی

شەوی رابردوو نارنجۆکێک هەڵدرایە حەوشەی مزگەوتی بەهەشتی شاری سلێمانی و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕیPUKmedia،  سەعات (9:10 ) دەقیقەی شەوی ( 16/6/2017 ) دوو نارنجۆک هەڵدراونەتە حەوشەی مزگەوتی بەهەشت لەشاری سلێمانی و یەکێکیان تەقیوەتەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری فریاکەوتنی پۆلیسی سلێمانی، دوو کەس بینراون کە نارنجۆکەکانیان هەڵداوەتە حەوشەی مزگەوتەکەو بەهۆی تەقینەوەی یەکێکیشیانەوە 6  کەس  بەسوکی بریندار بوون.

شەش برینداری تەقینەوەکەی مزگەوتی بەهەشتی سلێمانی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی شۆڕش و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

د.شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە PUKmediaی راگەیاند: بەهۆی تەقینەوەی ئەو نارنجۆکە دەستییەی هەڵدراوەتە مزگەوتی بەهەشتی سلێمانی، شەش بریندار گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شۆڕش.

بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو کە لەنێو بریندارەکاندا برازایەکی د.عەبدول لەتیف رێبەری سەلەفییەکانی تێدایەو ئاماژەی بەوەداوە کە د.عەبدول لەتیفیش بەسوکی بریندار بووە، بەڵام بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوەو براوەتەوە ماڵەکەی خۆی.

ئاسایشی سلێمانی ش  دەڵێ: هێزەکانی ئاسایش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەکەو لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد، لەدوای دەستکەوتنی هەر سەرەداوێک رای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە.