ئه‌یلوول 13, 2017 12:00 Asia/Tehran
  • درێژەی نەیارەتییەکان لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشت پرسیی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق

سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ناسراو بە بابلیون پێکهاتوو لە هێزە مەسیحییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی ، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئەو وڵاتەی بە هێڵی سووری ئەو بزووتنەوەیە ڕاگەیاند.

دەشتی نەینەوا،ناوچەیەکی جوگرافیایی سەر بە پارێزگای نەینەوا(باکووری ئێراق) داگری ناوچەکانی «الحمدانیه»، «الشیخان» و «تل‌کیف» ـە کە زێدی مێژوویی مەسیحیانی ئێراق دێتە ئەژمارو ژمارێکی زۆری مەسیحیان لەو ناوچانە لەگەڵ ئێزدییەکان، تورکمانەکان و عەرەبەکان تێیاندا نیشتەجێن.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی رۆژنامەی ئەلقدوسولعەرەبی، ریان ئەلکەلدانی سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون رۆژی سێ شەممە وتی: مەسیحییەکان ڕێگەنادەن گشت پرسی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لەئێراق لەناوچە مەسیحی نشینەکانی دەشتی نەینەوا بەڕێوە بچێ.

ریان ئەلکەلدانی ، بەڕێوەچوونی گشت پرسیی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی بە چەشنێک زەبر وەشاندن لە ماکی عەرەبیی مووسڵ زانی و وتی: بێتوو هێزەکانی پێشمەرگە بێنە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و مووسڵ ، مەسیحییەکان بەرەنگاریان دەبنەوەو شەڕیان لەگەڵدا دەکەن.

سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی بابلیونی ئێراق بەئاماژە بەوەی کە ژمارێک لە کەسایەتییەکانی مووسڵ، ماکی عەرەبیی خۆیان بە رژیمی زایۆنیستی فرۆشتووە، وتی: ئەو رژیمە، هەولێر بە پارێزگایەکی خۆی دەزانێ، بەجۆرێک کە ئیسرائیلییەکان وەک ڕاوێژکار لەتەنیشت هێزەکانی پێشمەرگە لەدەشتی نەینەوا ئامادەن.

ریان ئەلکەلدانی بەئاماژە بە پێشگرتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بەسەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی بە گەڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، وتی: ئەو پارتە بۆ لاوازکردنی هەڵوێستی یەکپارچەی مەسیحییەکان لەهەمبەر کۆپرسیدا، هەندێ ئیمتیازی داوە بە سیاسەتوانانی مەسیحی و خاک و مڵک و سامانی پێ داون.

زۆربەی کوردانی ئێراقیش نەیاری بەڕێوە چوونی گشت پرسی جیابوونەوە لە ٢٥ی سیپتەمبەری ئەمساڵ لەناوچەی کوردستانی ئێراقن و هەر لەو ئاراستەدا، بەرەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لەناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێراق چالاکە.