تشرینی دووه‌م 09, 2017 08:36 Asia/Tehran
  • داخوازی پەرلەمانی کوردستانی ئێراق بۆ دەسپێکردنی دانوستان لەگەڵ بەغدا

پەرلەمانی کوردستانی ئێراق لە بەیاننامەیەکدا بە هێنانە ئارای داخواز لەمەڕ دەسپێکرانی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا، داوای لە کاربەدەستانی کوردستان کرد شاندی بەڕێکراوی هەولێر بۆ بەغدا، بەستەیەکی تۆکمەی یاسایی و دارایی بۆ دانوستان ئامادە بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ پەرلەمانی کوردستانی ئێراق لەم بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە لە ژمارێک مێدیای کوردی بڵاو بۆتەوە، ڕایگەیاندووە؛ بە سەرنج دانی ئەوەی کە ناوەندە فەرمییەکانی ناوچەی کوردستانی ئێراق ڕەزامەندییان دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی کە لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیدا دانوستانی فەرمی دەست پێ بکرێ، زۆر پێویستە خێراتر کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان دیاری بکرێ، لەبەر ئەوەی کە بەردەوام بوونی ڕەوشی ئێستا بە زیانی ئابووریی هەرێم و ناوچە کێشە لە سەرەکانە.

پەرلەمانی کوردستانی ئێراق هەروەها داکۆکی کرد لەو هەوڵانەی لە پێناو ئاشتی و ئاشتەوایی سیاسی لە نێوان گرووپە کوردییەکانی ئێراق دەدرێ و داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد، هەوڵ بدەن بۆ چارەسەر کرانی کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ناوچەی کوردستانی ئێراق. پەرلەمانی کوردستان لەم بەیاننامەیەدا باسی پێکهاتنی لێژنەیەکی کرد بۆ بەدواداچوونی باروودۆخی ناوچە کێشە لە سەرەکان.

گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراق کە سێپتەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، بووە هۆی قوڵبوونەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و ناوچەی کوردستانی ئێراق.