تشرینی دووه‌م 13, 2017 19:01 Asia/Tehran
  • کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچەیە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ، ڕەزامەندیی بەرایی خۆی لەگەڵ کرانەوەی بازگە سنوورییەکان ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر بەگێڕانەوە لە بەغداد ئەلیەوم؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ دوشەممە لەپرێس کۆنفرانسێک لەهەولێر هەروەها پێی داگرت؛ هەولێر جارێ چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی بەغدا بە گەڵاڵەی پێشنیارکراوی هەرێمی کوردستانی ئێراقە بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.

بارزانی وتی: هەرێمی کوردستانی ئێراق، تێبینی و ڕوانگەکانی لەمەڕ بوودجەی پێشنیارکراوی ساڵی٢٠١٨ خستووەتە بەردەست حکومەتی ناوەندیی ئێراق و بەغدا دەتوانێ بەوردبینی زیاتر میکانیزمی دابەشکرانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتیی هەرێمی کوردستانی ئێراق لێک بداتەوە.

نێچرڤان بارزانی لەکاردانەوە بە بڕیاری حەوتەی ڕابردووی دادگەی باڵای فدراڵی ئێراق لەمەڕ ئەوەی کە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە ، ڕێگەی جیابوونەوەی هیچ ڕەوت یان گرووپێک لە ئێراق نادات، وتی: بەزوویی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەبارەی پرسە ناوخۆییەکانی ئەو هەرێمەش وتی: خولی نوێی دانوستان لەگەڵ گشت ڕەوتە سیاسییەکان بەڕێوە دەچێ.

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی ئەم حەوتەیە سەردانی سلێمانی بکاو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی دیدار بکا هەتا هەموو ڕەوت ولایەنەکانی کورد پێش دەسپێبوونی دانوستان لەگەڵ بەغدا، هەڵوێستێکی یەکسان بگرن.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ئێراق حەوتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا وێڕای داواکردن بۆ دەسپێکرانی دانوستانی هەولێر وبەغدا، داوای لە کاربەدەستانی کوردستانی ئێراق کرد، شاندی نێردراوی هەولێر بۆ بەغدا، پەکێجێکی تۆکمەی یاسایی و دراڤی بۆ دانوستانەکان ئامادە بکات.

گشت پرسیی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستانی ئێراق کە لە سیپتەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، کێشەو ناکۆکی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستانی ئێراقی قووڵ کردۆتەوە.

 

سەرپەیڤ