ئادار 12, 2018 11:54 Asia/Tehran
  • فەرمانداری سۆران: سوپای تورکیا سێ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمەوە

فەرمانداری قەزای سۆران ڕایدەگەیەنێت، ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا پێشڕەویان بۆ ناوخاکی هەرێم کردووەو کیلۆمەترێک هاتوونەتە ناوچەکەوە.

 

"کرمانج عیزەت" ، بە  بنکەی دەنگوباس و شرۆڤەی خەندان-ی راگەیاند، "ماوەی مانگ و نیوێکە سوپای تورکیا چەند کیلۆمەترێک هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لەسەر سنورەکانی نزیک ناوچەی خواکوڕک لە زنجیرە چیاکانی گوندی ڕووبارۆک بە ئاڕاستەی گەلی ڕەش جێگیربوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی دوو ڕۆژە سوپاکە کیلۆمەترێکی دیکە پێشڕەویان کردووە، ژمارەی هێزەکانیشی زیادیکردووە تا ئێستا ڕوون نیە ئامانجەکەیان چیە.

قایمقامی قەزای سۆران وتیشی، "لەو ناوچەیەی سوپای تورکیا پێشڕەوی کردووە، هەندێک سەنگەریان زیادکردووە، بە تانک و تۆپخانە و پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامیش فڕۆکەکانی بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسوڕێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی زۆری لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە  چونکە لەو ناوچەیە چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە لەنێوان سوپای تورکیاو هێزەکانی پەکەکە و وایکردووە خەڵکی ئەو ناوچەیە کاروبارییان سست ببێت و نەتوانن ڕوو لە کێڵگەکانیان بکەن .