ئادار 13, 2018 16:02 Asia/Tehran
  • سەربازانی تورکیا گەیشتنە قووڵایی سێ کیلۆمیتریی خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق

فەرمانداری ناوچەی سۆرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، سەربازانی تورکیا بە بەردەوام کردنی پێشڕەوییەکانیان لەخاکی هەرێم، گەیشتوونەتە قووڵایی سێ کیلۆمیتریی هەرێم و ژمارەشیان ڕوو لە زیادبوونە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، کرمانج عیززەت فەرمانداری ناوچەی سۆران لەباکووری هەرێمی کوردستانی عێراق و هاوسنوور لەگەڵ تورکیا لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی خەندان وتی کە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پێشڕەویی سەربازانی تورکیا لەخاکی هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووەو ئێستا گەیشتوونەتە سێ کیلۆمیتریی قووڵیی خاکی هەرێم و هاوکاتیش ژماری هێزەکانیشیان زیاد کردووە.

فەرمانداری ناوچەی سۆران لە باکووری هەرێمی کوردستانی عێراق وتی کە ئەو سەربازانە لەیەک مانگ و نیوی ڕابردووەوە هاتوونەتە خاکی عێراق  لەناوچە سنوورییەکانی خوارکورک لە زنجیرە چیاکانی روباروک جێگیربوون و ئامانجیان لە پێشڕەویی زیاتر ڕوون نییە.

هەروەها ناوبراو وتی؛ سەربازانی تورک لەو ناوچانە دەستیان کردووە بە دانانی پێگەو بنکەی زیاتر و لەسنوورەکانیشیان ژمارێکی زۆری تانک و چەکئامێری قورسی سەربازی و تۆپخانەیان جێگیرکردووەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاش لەئاسمانی ناوچەکە بەرچاو دەکەون.

بەقسەی فەرمانداری سۆران ئەو دۆخە نیگەرانییەکی زۆری لەنێو شارومەندانی دانیشتووی ناوچە بەدیهێناوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە سوپای ئەو وڵاتە پاش کۆتایی هێرش و دەسدرێژی بۆسەر کوردەکانی سووریا لە عەفرین، پەلاماربۆسەر هێزەکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان دەس پێ دەکەن.