ته‌مووز 10, 2018 02:23 Asia/Tehran
  •  نێچیرڤان بارزانی وەک بازرگانێک بانگێشتی ئاھەنگی سوێند خواردنەکەی ئەردوغان کرا بوو

ماڵپەڕێکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی بەدواداچوونێکی خۆی لە بارەی ئاھەنگی سوێند خواردنەکەی سەرۆک کۆماری تازەی تورکیا وەھا بڵاو کردووەتەوە کە، تەنیا کۆمەڵێک لە کەسایەتییە پلەبەرزەکانی بەشداری ئاھەنگەکە بەشێوەی فەرمی و ڕاستەوخۆ لە لایەن خودی ئەردوغانەوە بانگێشتن کرابوون کە نێچیرڤان بارزانییان تیادا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕاەنەوە لە ماڵپەڕی لڤین پرێسەوە،  نێچیزڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق وەک کەسایەتییەکی سیاسی و حکومەتی بانگێشتی ئاھەنگی سوێندخواردنەکەی سەرۆک کۆماری تازەی تورکیا نەکراوە بەڵکو ناوبراو بە ناوی بازرگانێکەوەو ئەویش لە لایەن (بەرات بەیرەق)ی زاوای ئەردوغانەوە بانگێشتنی ئاھەنگەکە کراوە.

ماڵپەڕی لڤین پرێس لەم ڕاپۆرتەی دا کە خۆی وەک لەقاودانێک باسی دەکات و لەژێر سەردێڕی(فەزیحەیەکی نێچیرڤان بارزانی و میدیاکانی پارتی) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی : هەرچەندە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت کەناڵی رووداوی سەر بە نێچیرڤان بارزانی وایان لە قەڵەم دەدا کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بانگێشتنامەی فەرمیی بۆ هاتووە لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە بە مەبەستی بەشداری کردنی لە ئاھەنگی سوێندن خواردنەکەی سەرۆک کۆماری تازەی تورکیا ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو دەنگۆیانە ھیچ بنەمایەکیان نییەو دوورن لە ڕاستییەوە.

ماڵپەڕی لڤین پرێس پێڕستی ڕاگەیەندراوی میدیاکانی سەر بە ڕەجەب تەیب ئەردوغان وەک بەڵگە دەھێنێتەوەو دەنووسێت: ئەو میدیاگەلەی کە نزیکن لە ئەردوغانی سەرۆک کۆمارەوە ناوی ئەو کەسانەیان بڵاو کردووەتەوە کە بە شێوەی فەرمی بانگێشتی ئاھەنگە کراون کە ھەڵبەت ناوی نێچیرڤان بارزانیی تیادا نییەو ناوبراو بەس وەکوو بازرگانێک لە لایەن زاواکەی ئەردوغانەوە بانگێشت کراوە نەک کەسایەتییەکی سیاسی و حکومی.

لڤین پرێس بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر نووسیویەتی : لە وڵاتی عێراقەوە بەس جێگری سەرۆک کۆماری عیراق، سەرۆکی پەرلەمان و ئەرشەد ساڵحی ، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەناوی کاربەدەست و کەسایەتیی سیاسی و حکومەتییەوە بە شێوەی فەرمی بانگێشتی ئاھەنگەکە کراون و لەم ناوەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق تەنیا وەک بازرگانێک داوای لێکراوە بەشداریی ئاھەنگەکە بکات ، ئەویش نەک لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بەڵکو لە لایەن زاواکەی ئەردۆغانەوە .

جێگای ئاماژەیە کە لە ڕابردوودا گەلێک جار باسی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان بنەماڵەی ئەردوغان و بنەماڵەی بارزانی کراوە بە تایبەتی لە ڕووی سات و سەوداو بازرگانیی نەوتەوە لەگەڵ تاقمی تیرۆریستی داعش کە ھەر جارێکیش ھەردووک بنەماڵەکە ھەوڵیان داوە ئەو ھەواڵانە وەک دەنگۆو ناڕاست لە قەڵەم بدەن و ڕەتی بکەنەوە . بەڵام ئێستاکە بانگێشتنەکەی نێچیرڤان بارزانی وەک بازرگانێک ئەو ڕاستییانە پشتڕاست دەکاتەوەو وادیارە ئامادە بوونی لەو ئاھەنگەدا بۆ ڕێزنان لەو سات و سەوداو پەیوەندییە بازرگانییە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ (بەرات بەیرەق) ی زاوای ئەردوغان دا ھەیەتی نەک وەکوو سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق .

سەرپەیڤ