یه‌کێتی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم دێته ده‌نگ
فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌مەر یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم هاته ده‌نگ و په‌رله‌مانتارێکی ئه‌و فراکسیۆنه‌ش ڕای‌گەیاند: "جیاوازییەکی ئەوەندە بەرچاو له نێوان یاسای درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایەتی هه‌رێم له 30 حوزه‌یران و یاساکه‌ی 11ی ته‌مووز لە ئارادا نیه".
ڕێواس فایه‌ق په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی له په‌رله‌مانی کوردستان به SNNی ڕاگه‌یاند: ئه‌و یاسایه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه 11ی ته‌مووز (ژولای) بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم په‌سه‌ن کرا، زۆر له یاسای ژماره 19ی 30ی حوزه‌یرانی ساڵی 2013 ده‌چێت که تایبه‌ت بوو به درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایەتی هه‌رێم به تایبه‌ت له هه‌ر دوو مادده‌ی (1) و (2)ی هه‌ر دوو یاساکه که ئامانجی پارتی هاتۆته‌دی.
ناوبراو له‌باره‌ی په‌سه‌ن کردنی یاساکه‌ی 11ی ته‌مووز له هه‌ولێر وتیشی: "له یاساکه‌ی 30ی حوزه‌یرانی ساڵی 2013 بۆ دوو ساڵ کاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم درێژ کرایه‌وه به‌ڵام به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ی که 11ی 7ی 2018 په‌سه‌ند کرا که‌س نازانێت بۆ چه‌ند ساڵ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه به‌و شێوه‌یه ده‌بێت".
ڕێواس فایه‌ق ئاشکراشی کرد: به‌پێی ئه‌م یاسایه تا خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان هه‌موو ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێکاره‌کان لای تاکه که‌سێک ده‌بێت که ئه‌ویش سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمه.
ناوبراو ده‌شڵێت: له ساڵی 2014دا فراکسیۆنی یه‌کێتی له په‌رله‌مانی کوردستان پڕۆژه‌یێکی تایبه‌تی له‌باره‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم پێشکه‌ش کرد که جه‌ختمان له‌وه کرده‌وه ده‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێم له نێو په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه دیاری بکرێت "به‌ڵام به‌پێی یاساکه‌ی 11ی ته‌مووز ئه‌و پره‌نسیپه نایه‌ته‌دی بۆیه له‌گه‌ڵیدا نه‌بووین".