ئاب 08, 2018 09:20 Asia/Tehran
  • کۆ کرانەوەی ٧ هەزار بەڵگەی جێبڕوا سەبارەت بە ژینوسایدی کوردی ئیزدی بە دەستی داعش

سەرۆکی ڕێکخراوی CIVEN ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاراستەی هەوڵ بۆ پێناسە کرانی فەرمییانەی بەرەکوژیی کوردەکانی ئێزدی بە دەستی داعش وەکوو ژینوساید لە ناوەندە جیهانییەکاندا، ٧ هەزار بەڵگەی جێبڕوای کۆ کردۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ "کاوە خەتاری" لە چالاکانی کوردی ئێزدی و سەرۆکی ڕێکخراوی مەدەنیی ئێزدی CIVEN لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق وتی کە لەسەرەتای قەڵاچۆ کران و بە کۆیلە گرتنی کوردە ئێزدییەکان بە دەستی داعشەوە، هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ کۆ کردنەوەی بەڵگە و سەنەدەکانی سەلمێنەری ئەو کارەساتە دەست پێ بووە.

ناوبراو وتیشی کە بە مەبەستی پێناسە کرانی قەڵاچۆی کوردە ئێزدییەکان وەکوو بەرەکوژی لە ناوەندە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا، تا ئێستا ٧ هەزار بەڵگەی جێبڕوا سەبارەت بە قەڵاچۆ کران، ڕفاندن، بە کوێلە کردن و کڕین و فرۆشتنی کچانی کوردی ئێزدی، لە لایەن ئەم ڕێکخراوە مەدەنییە ئێزدییەوە کۆ کراوەتەوە.

کاوە خەتار وتی کە ئەو بەڵگە و سەنەدانە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی ڕفێندرانی کچان و ژنانی ئێزدی و گرێبەست و نووسراوەکانی هاوپێوەند بە بەکۆیلە کردن و کڕین و فرۆشتنیان دەگرێتەوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند کە تەنانەت جل و بەرگی ڕفێندراوان لە کاتی ئازاد کرانیانیش وەکوو بەڵگە لە لایەن لێژنەی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی دیکە کۆ کراوەتەوە و ڕاگیردراوە.