ئاب 10, 2018 07:23 Asia/Tehran
  • ئەحمەد حاجی ڕەشید: تەوافوق هەیە لە نێوان عەبادی و بارزانی

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندام پەڕلەمانی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوای وایە تەوافوقێک لە نێوان حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی هەیە و لەو بارەیەوە دەڵێ: نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی پشتگیری کردنی عەبادی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی سەردانی بەغدای کردووە.

دانوستان لە سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی بەغدا پاش هەڵبژاردنەکەی 12ی مانگی مەی ئێستاش بەردەوامە و کۆتلە گەورە و بچووکەکان عێراق سەرقاڵی دیدار و ڕاگۆڕینەوەن و ڕۆژانە هەواڵ و ڕاپۆرتی دژبەیەک لەو بارەیەوە بڵاو دەبێتەوە.

هەر لەم ئاراستەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی پارتی سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی بۆ بەغدا کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆ بوویەوە و ئەو سەردانە چاوەڕواننەکراوە بارزانی سەرنجی ڕۆژنامەوانانی ڕاکێشا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە تا ئێستا لایەنەکان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکەن لە بەر ئەوەی تا ئێستا دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق یەکلا نەبوونەتەوە و ئێمەش خەریکی دانوستانین و لە لایەکی دیکەشەوە تا ئێستا کۆتەلەی یەکەم دروست نەبووە و لایەنەکان ئاستی داخوازەکانیان گەلێک بەرزە.

ئەو ئەندام پەڕلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێشبینی دەکەن پێکهێنانی حکوومەت لە بەغدا چەند بخایەنێت وتی:  پێشبینی دەکەم حکوومەتی نەجاتی وەتەنی پێکبهێنرێت بۆ ماوەی 6 مانگ تا یەک ساڵ و دووبارە هەڵبژاردن بکرێتەوە چوونکە ئەم ئەنجامانە تا ئێستا جێگای قبووڵ نییە و نەیتوانیوە لایەنەکان ڕازی بکات.