تشرینی یه‌که‌م 07, 2018 10:17 Asia/Tehran
  • زیاتر لە هەزار ژنی ئێزدی هێشتا هەر لە دەستی داعشدان

سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی ئێزدییەکان لە ئەڵمان ڕایگەیاند کە هێشتا زیاتر لە هەزار ژن و کچی ئێزدی ئەسیر و کۆیلەی دەستی داعشن.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕادیۆ نەوا؛ "ئاروان ئورتاک" ڕایگەیاند کە پاش پەلاماری داعش بۆ سەر شەنگال و بە کۆیلەتی بردنی ژنانی ئێزدی ، هەژمارێکی زۆریان ئازاد کراون، بەڵام زیاتر لە هەزار کەسیان هێشتایش هەر ئەسیری داعشن و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ئەسیرە ئێزدییانە لە بەردەستدا نییە.

ناوبراو سەبارەت بە بردنەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل لە لایەن نادیا موراد کچە ئێزدیی ئازاد کراو لە دەستی داعشیش وتی کە نادیا موراد شیاوی خەڵاتی  زیاترە و پاش ڕزگار بوونی لە دەستی داعش لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا لە زۆر وڵاتێکی جیهاندا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە یارمەتی وەرگرێ بۆ رزگار کردنی ئەسیرانی ئێزدی و پێڕاگەیشتن و خزمەت بە ڕزگار کراوانی دەستی داعش و ناساندنیان بە جیهان.