تشرینی یه‌که‌م 08, 2018 16:21 Asia/Tehran
  • سێبەری سەرۆک کۆماریی بەرهەم ساڵح لەسەر چاوپێکەوتنەکانی مەک گورک لە هەرێمی کوردستانی ئێران

پاش قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان دوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی سەرۆک کۆماریی ئێراق، نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خولێکی نوێی وتووێژ لەگەڵ ئەوانی دەس پێ کردووە.

بەپێی راپۆری کوردپرێس، "برت مەک گورک" نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەدرێژەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوێنێ یەکشەممە چاوی کەوت بە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی یەکێتی نیشتمانی.

چەند کاژێر پێش ئەو چاوپێکەوتنە، مەک گورک لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیدار و وتووێژی کردبوو.

لەماوەی حەوتەی ڕابردوودا، هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح بەربژێری یەکێتی نیشتمانی وەک سەرۆک کۆماری ئێراق، ناکۆکی نێوان ئەو یەکێتییە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی قووڵ کردەوە.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لەچاوپێکەوتن لەگەڵ برت مەک گورک لەبارەی ناکۆکییە حیزبییەکانی هەرێمی کوردستان پێی داگرت کە لەڕوانگەی یەکێتی نیشتمانی، وتووێژ لەنێوان پارتەکاندا بۆ چارەسەریی ناکۆکی نێوانیان و وەلانانی کێشمەکێشە سیاسییەکان، لەسەرەوەی بابەتەکانی دیکە دایە.

مەک گورک هەروەها لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لە ڕێبەرانی یەکێتی نیشتمانی و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمیس دیدار و لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنیی پەرلەمانیی کوردستان وپێکهێنانی حکومەتی نوێی ئێراق وتووێژی کرد.

دیدارەکانی مەک گورک لەگەڵ سەرۆکانی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدا ئەنجام دەگرێ کە ناکۆکیی ئەو دوو پارتە پاش هەڵبژێردرانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە، تەشەنای کردووەو واپێش بینی دەکرێ کە ئەو ناکۆکییانە، لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیش قووڵتر ببنەوە.