تشرینی یه‌که‌م 09, 2018 18:21 Asia/Tehran
  • فراکسیۆنەکانی گۆڕان‌و کۆمەڵ، لەگەڵ فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌لەبەغدا لیژنەیەک پێکدەهێنن

فراکسیۆنەکانی گۆڕان‌و کۆمەڵ، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەهاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەبەغداو لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا.

بە پێی راپۆری کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێم ،بەقسەی هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان پێکهێنانی ئەو لیژنە لەلایەن گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و نەوەی نوێ‌، بۆ رووبەڕووبوونەوەو دژایەتی ئەو "ساختەکارییانەیە پارتی دیموکرات‌و یەکێتی نیشتمانی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردبوویانە".هەر بەقسەی هۆشیار عەبدوڵڵا، کە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پێکهێنانی لیژنەکەی رایگەیاند، هەرسێ‌ لایەن سەدان بەڵگەیان دەستکەوتووە، ئەویش خۆی لە "دروستکردنی ناسنامەو رەگەزنامەی عێراقی دەبینێتەوەو لەرێگەیەوە دەنگی پێ‌ دراوە".ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختیشیکردەوە، ئەو بەڵگەنامانە دەگەیەنن، بەوەزارەتی ناوخۆو ئەوەشی راگەیاند، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ لەسەر "ساختەکردنی" ناسنامەو رەگەزنامەی عێراق بێتە سەر هێڵ‌و لێپرسینەوە بکات.بۆ ساڵێک  دەچێت، جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، لەهەرێمی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی دروست بووە، کە چوار کورسی لەپەرلەمانی عێراق هەیەو رەنگە هەشت کورسیش لەپەرلەمانی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و یەکگرتووی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری پێشتر ئامادەنەبوون وەک هێزێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.