تشرینی دووه‌م 09, 2018 12:08 Asia/Tehran
  • لە ڕۆژئاوای هەولێر جم و جۆڵی داعش زیادی کردووە و پێشمەرگەش ئامادەیە

لە سنووری قەزای مەخموور، ئەو ناوچانەی پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپای عێراقیان تێدایە، چەکدارانی داعش دەستیان بە جووڵە کردووە.

مەخموور کە ھاوسنووری مووسڵ و کەرکووکە، بووەتە  بنکەی سەرەکی پایتەختی داعشەکانی ھەردوو پارێزگای مووسڵ و کەرکووک و سەدان چەکداری داعش بە درێژاییی سنووری مەخموور کۆ بوونەتەوە و نیازی خراپیان ھەیە.

لەوبارەیەوە ڕزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخموور ئاشکرای کردووە: "گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سنووری مەخمووریش دەستی بە جووڵە کردووە، بەڵام وەک ئیدارە زانیاریمان لەبارەی ژمارەی داعشەکانی قەزای مەخموور نییە، تەنیا ئەوە دەزانین لە سنووری ئێمەش لەو ماوەیەدا داعش چالاک بووەتەوە."

قادر حەسەن، ئەندامی میحوەری مەخموور-گوێڕ دەڵێت: "ئێمە وەک پێشمەرگە بەردەوام چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور دەکەین، چوونکە بە ھەزاران چەکداری سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش لە عێراق ماون و لەو سنوورەی ئێمەش لەبەر ئەوەی زنجیرە چیای قەرەچۆخ شوێنی حەوانەوەی گونجاوی ھەیە، بێگومان چەکداری داعشی تێدا ماون، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە ھێندێک کەس باسی دەکەن، لەبەر ئەوەی حەفتەی یەک جار لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانانەوە دەکرێنە ئامانج."

فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "داعشەکانی سنووری مەخموور زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن و خەڵکێک کەم و زۆر ھاوکارییان دەکەن، بەڵام ژمارەیان بە دروستی نازانین چەندە، ئەوان بارەگای جێگیریان نییە، زیاتر بە مەفرەزە دەردەچن و لە ناو ئەشکەوتەکان خۆیان حەشار داوە."