تشرینی دووه‌م 09, 2018 19:12 Asia/Tehran
  • دیاری کرانی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق

ئەمڕۆ هەینی (٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاری کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، فراکسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە سلێمانی کۆبوونەوەو لەو دانیشتنەدا سەرۆک و جێگر و بڕیاردەریان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاری کرد.

بە گوێرەی ئەم هەواڵە لە کۆبوونەوەکەدا کازم فاروق وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا و هەریەک لە  کاوە عەبدولقادر وەکو جێگری سەرۆکی فراکسیۆن و شادی نەوزادیش وەکو بریاردەری فراکسیۆنەکە دەستنیشان کران.

سەبارەت بە تەوەرەکانی تری کۆبوونەوەکە، کازم فاروق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، پلان و ستراتیژیای جوڵانەوەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کردووە و پلان و بەرنامەی داهاتووی خۆیان خستووەتەڕوو.

بە قسەی ناوبراو هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ تەنها لەناو پەرلەماندا کار و چالاکی خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵکو دەبێت  لەسەر شەقامیش بوونیان هەبێت و داوکارییەکانی خەڵک بگەیننە پەرلەمان.

کازم فاروق باسی لەوەشی کردووە کە، لەو دانیشتنەدا ئەوەش دووپات کراوەتەوە کە ئەوان وەکو نەوەی نوێ ناچنە ژێر باری هەژموونی یەکێتی و پارتی و دەبنە ئۆپۆزسیۆنێکی بوێر و کارا لە پەرلەماندا.

جێگای ئاماژەیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا توانی هەشت کورسی بەدەست بهێنێت.