کانونی یه‌که‌م 05, 2018 11:03 Asia/Tehran
  • پێشوازیی پارتی شیوعی لە پاڵێوراوەتیی مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی شیوعیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە ھەڵبژێردرانی مەسروور بارزانی وەکوو پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازی کردو پێی داگرت: مەسروور بارزانی لەو پۆستەدا دەبێتە ھۆی بووژانەوەی دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، ھەندرێن ئەحمەد لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە بڵاو بوونەوەی ھەواڵی ھەڵبژێردرانی مەسروور بارزانی بەرپرسی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان وەکوو پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن پارتی دیموکراتەوە، ڕ ایگەیاند: ئەم ھەڵبژاردنە دەتوانێ بووژانەوەی دووبارەی  دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان و پێکھاتنی دەوڵەتێکی یەکانگیر لە ھەرێم و خەباتی دژی گەندەڵیی لێ بکەوێتەوە.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی شیوعیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، وتیشی: پارتەکەی ھێشتا لە بارەی چالاکی نواندنی وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا بڕیاری نەداوە، بەڵام لە ھەڵبژێردرانی مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازی دەکات و لەم پۆستە دا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.

ھەروەھا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق و بزوتنەوەی گۆڕانیش لە ھەڵبژێردرانی مەسروور بارزانی وەکوو پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازییان کردووە، بەڵام پارتی بەرەی نوێ ڕەخنەی لەو ھەنگاوەی پارتی گرتووەو جەختی کردووە کە ئەم پارتە بۆی نییە ھاوکات دەست بگرێت بە سەر دوو پۆستی گرینگ لە ھەرێمی کوردستانداو ناتوانێ لە یەک کاتدا ھەم پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەدەستەوە بێت و ھەم سەرۆکایەتیی ھەرێم.

جێگای ئاماژەیە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ھەرێمیشی وەک پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردووە.