کانونی یه‌که‌م 13, 2018 16:59 Asia/Tehran
  • مەرجی تورکیا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئاسمانی و ئابوورییەکانی سەر سلێمانی

باڵوێزی تورکیا لە عێراق، پێی داگرت: مەرجی وڵاتەکەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئاسمانی و ئابوورییەکانی سەر سلێمانی و دەست پێ بوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئەم پارێزگایە، ڕاگیردرانی تۆکمەوتەواوو بەرتەسک کردنەوەی یەکجاریی پەکەکە لە پارێزگای سلێمانییە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، فاتح یێڵدیز باڵوێزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە بەر ھاوکاریی کاربەدەستانی سلێمانی لەگەڵ پەکەکە و بەستێن خۆشکردنیان بۆ چالاکی نواندنی ئەم ھێزانە لە سلێمانی، ھەستاوە بە بایکۆت کردنی سلێمانی و تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانیی ڕاگرتووەو لە پەڕینەوەی ئەو فڕۆکانەش کە لە ڕێگای ئاسمانی تورکیاوە بە نیازی گەشت کردن بۆ سلێمانین پێشگیری دەکات.

ناوبراو وێڕای ستایش کردنی دەوڵەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە بەر داخستنی نووسینگەکانی تەڤگەری ئازادی لە پارێزگای سلێمانی وەکوو ڕەوتێکی سەربە پەکەکە، وتیشی: تورکیا پەیوەندییەکی باش و ھەرە نزیکی لەگەڵ جەماوەری سلێمانی دا ھەیە.

ناوبراو ھەروەھا پێشی داگرت کە ئەگەر بێتوو داخوازییەکانی تورکیا لە لایەن کاربەدەستانی سلێمانییەوە جێبەجێ بکرێت، ئەوسا گەشتە ئاسمانییەکان بە ڕووی ئەم پارێزگایەدا دەکرێتەوەو تورکیا چاوەڕوانە تەواوی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی دا بەرتەسک بکرێتەوەو بە تەواوی ڕاگیردرێت.

باڵوێزی تورکیا لە عێراق جەختی کرد کە ھەڵوەشاننەوەی بایکۆتەکانی تورکیا دژی سلێمانی بە قازانجی خەڵک و کاربەدەستانی ئەم پارێزگایە دەبێت و تورکیاش سوود لەم بابەتە دەبینێت.

جێگای ئاماژەیە کە تورکیا لەماوەی یەکساڵی ڕابردوودا وێڕای تۆمەتبار کردنی کاربەدەستانی سلێمانی و بە تایبەت یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق کە کۆنترۆڵی سلێمانیی لەژێر دەست دایە، ئەم پارێزگایەی خستووەتە بن گەمارۆی ئابوورییەوەو تەواوی گەشتە ئاسمانیەکانی وڵاتەکەی بۆ فڕگەی سلێمانیشی ڕاگرتووە.