کانونی یه‌که‌م 14, 2018 09:58 Asia/Tehran
  • سێ ئەندامی پاراستنی کەمپی مەخمور لە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا گیانیان لە دەستدا

لە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر قه‌زای مه‌خموور و گوندی سکێنییان لە شەنگال سێ کەس گیانیان لە دەستداو کەسێکی تر بریینداربوو.

بەپێی  راپۆرتی  ماڵپەڕی " هاوڵاتی"  لە بۆردەمانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا سێ کەس لە ئەندامانی هیزی جەوهەر، کە بریتین لە ئەندامانی پاراستنی کەمپی مەخموور کە لەو هێزانە بوون ناوچەکەیان لە هێرشەکانی داعش پاراستووە گیانیان لە دەستداوە و کەسێکی تریش برینداربووە.

هێزی پاراستنی جەوهەری لە گەنجانی کامپەکە پێکهاتوون و لە کاتی هێرشی داعش خۆیان ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ پاراستنی کامپەکە لە چەکدارانی داعش.

کاتژمێر 9:00 ی  شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی  ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی تورکیا چەند شوێنێکی دەوروبەری کەمپی پەنابەرانی پەکەکەی لە مەخمورو ناوچەی سکینیان بۆردومان کرد.

 فڕۆکەکان چەند موشەکێکیان گرتە چەند خاڵێکی پاسەوانی چەکدارانی پەکەکە کرد لە دەوروبەر کەمپی رۆستەم جودی لە مەخمور کە ئاوارەکانی  کوردی تورکیا  لەخۆ دەگرێت.

لە لایەکی دیکەوە بەرەی نیشتیمانیی دژی داگیرکاریی داوا لە سەرۆک کۆمار و هەردوو پەرلەمانی عێراق و کوردستان دەکات هەڵوێستیان هەبێت دژی تورکیا.

بەرەی نیشتیمانیی دژی داگیرکاریی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستۆتەڕوو:  " گەلی کوردستان لەسەر خاکی خۆی لە نێو نیشتمانی خۆیدا تاوانی دەرهەق ئەنجام دەدرێ، دەوڵەتی تورکیا وەک ئەوەی بڕیاری لێداوە دژایەتی هەبوونی کورد دەکات".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە هاتووە : " پێویستە سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و حکومەت و پەرلەمانی ئیتحادی بە بەرپرسیارێتی دەستوریی خۆیان هەستن و رێگە نەدەن خاک و ئاسمانی وڵات ببەزێنرێت و هاونیشتمانیان بکرێتە قوربانی پاوانخوازی دەوڵەتانی ئیقلیمی".