کانونی دوھەم 07, 2019 13:09 Asia/Tehran
  • تێکهەڵچوونی قورسی نێوان پەکەکەو سەربازانی تورک لە هەرێمی کوردستانی عێراق

کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" راپۆری دا، سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممە شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی پەکەکەو سەربازانی سوپای تورکیا کە لەهەرێمی کوردستان جێگیرن، ڕووی داوە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئەو تێکهەڵچوونە لە بەرزاییەکانی چیادیل و خواکورک لە ناوچەی برادۆست سەربە پارێزگای هەولێر ڕووی داوەو زیاتر لە دوو کاژێریشی خایاندووە.

سوپای تورکیاش بەکەڵک وەرگرتن لە کۆپتەرە جەنگییەکان شوێنی تێکهەڵچوونەکەی ، بۆردومان کردووە.

هەروەها ماڵپەڕی خەندانیش ڕاپۆری دا، لەئەنجامی ئەو پێکدادانەو پەلامارەکان، خەساری قورس لە گوندەکانی ئەو ناوچە کەوتووەو دانیشتووانی ئاواییەکان ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونیان جێ بێڵن.

سوپای تورکیا لە بەرزاییەکانی چیادیل و خواکورک دەستیان کردووە بە دانانی پێگەی سەربازی و هەواڵگری کە رۆژانە تێکهەڵچوونی قورس لەنێوان سەربازانی تورک وهێزەکانی پەکەکە ڕوو دەدا.

رەوتی ئاشتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا لە دیسەمبەری٢٠١٢وە دەس پێ کراو پاش تەقینەوەی ژوولای٢٠١٥ لە شاری پرسوس (سوروچ) راگیردراو پاشان سوپای تورکیاو پەکەکە دەستیان کرد بە هێرش بۆسەر بنکەو بارەگاکانی یەکتری.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لەو ماوەدا لانیکەم شەش سەت ئەندامی هێزی ئاسایشی تورکیاو زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە کوژراون.