کانونی دوھەم 08, 2019 17:39 Asia/Tehran
  • زیانوێکەوتنی  فڕۆکەخانەی سلێمانی‌ لە زمانی بەڕێوەبەرەکەیەوە

لە ساڵی ڕابردوودا زیانێکی گەورە بەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتووە و بەڕێوەبەری‌ فڕۆکەخانەکەش سەرجەم ئەو بەرپرسیارێتیانە دەخاتە ئەستۆی‌ حکومەتی‌ عیراق.

بە پێی راپۆرتی سپی میدیا ، لەکۆنگرەیەکی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەفڕۆکەخانەی‌ نێودەوڵەتی‌ سلێمانی‌ تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری‌ فڕۆکەخانەی‌ نێودەوڵەتی‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ کارو چالاکیەکانی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بەهۆی‌ ڕیفراندۆمەوە کە عیراق گەمارۆی‌ سەپاند بەسەر فڕۆکەخانەکانی‌ هەولێرو سلێمانیدا، زیانێکی‌ گەورەمان بەرکەوت، چونکە دوای‌ پێنج مانگ و نیو بەدیاریکراویش لە15ی‌ 3ی‌ 2018دا بڕیاری‌ دەستپێکردنەوەی‌ گەشتەکانی‌ دەرکرد".

تاهیر عەبدوڵا جەختیکردەوە بەهۆی‌ وەستانی‌ گەشتەکانی‌ تورکیاوە بۆ هەر ڕۆژێک، "فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ 15 هەزار دۆلار زیانی‌ بەردەکەوێت و بەکۆی‌ گشتیش لەساڵی‌ ڕابردودا 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیانمان بەرکەوتوە".

وتیشی "بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گەشتەکان لەگەڵ سلێمانی‌ لەلایەن تورکیاوە کاریگەری‌ خراپی‌ لێکەوتۆتەوەو کاریگەری‌ خراپی‌ لەسەر هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ دروستکردوە، سەرباری‌ ئەوەش لە 2018دا 309 هەزارو 869 گەشتیار لەفڕۆکەخانەی‌ سلێمانیەوە هاتوچۆیان کردوە، بەڵام بەراورد بە 2017 کەمیکردوە".

سەبارەت بەکەمبونەوەی‌ گەشتەکانیش وتی‌ "لە 30% بۆ 40% کەمیکردوەو ژمارەی‌ گەشتیارانیشمان کەمیکردوە، لەگەڵ ئەوەی‌ لەناو فڕۆکەخانە چوار بەشمان هەیە ئەوانیش (بەڕێکردن، کارگۆ، پەیمانگەی‌ فڕۆکەوانی‌ و فەرمانگەی‌ کەشناسی‌)".

تاهیر عەبدوڵڵا ڕێژەی‌ هەناردەشی‌ ڕونکردەوەو باسی‌ لەوەکرد، "لە 82% هەناردە کەمیکردوە بەهۆی‌ بارودۆخی‌ سوریاو تورکیاو هەروەها بڕەکانی‌ تورکیاش لەسەر ئێمە".

هاوکات ڕەخنە لەحکومەتی‌ عیراق دەگرێت و جەختدەکاتەوە، "چارەسەری‌ کێشەکانی‌ فڕۆکەخانەکانی‌ هەرێم بەتایبەت سلێمانی‌ لەگەڵ تورکیا، بەرپرسیارێتی‌ عیراقەو پێویستە هەرچی‌ زوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات".