کانونی دوھەم 08, 2019 17:39 Asia/Tehran
  • یەکێتی نیشتمانی لەهەوڵدایە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایی کەرکوک بگۆڕێ

نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگایی کەرکوک، پاش دەرکرانی بڕیاری دادگەی کەرکوک لەمەڕ شەش مانگ زیندان بۆ سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە، بەپێداگری لەسەر شوێنهاتەکانی ئەو بڕیارە بۆ گۆڕینی سەرۆکی ئەنجومەن، هەوڵ دەدەن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، کەناڵی ڕووداو لە هەواڵێکدا ڕاپۆری دا، نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگایی کەرکوک، بۆ گۆڕینی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە هەوڵ دەدەن و ئیمزای ژمارێک ئەندامی عەرەب و تورکمان لەو ئەنجومەنەشیان کۆکردۆتەوە.

نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی بەپێی دەرکرانی بڕیاری شەش مانگ زیندان بۆ ڕێبوار تاڵەبانی لەلایەن دادگەی کەرکوک جەخت لەوە دەکەن کە ئەو بڕیارە دەتوانێ ببێتەمایەی هەڵپەسێردرانی ئەنجومەن و ئەوەش شوێنهاتی نەرێنی زۆری بۆ کەرکوک بەدواوەیەو دەبێ بۆ پێش گرتن بەو شوێنهاتانە هەرچی زووتر سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە دەسنیشان بکرێ.

"رەوەند مەلا مەحمود" جێگری بەرپرسی یەکێتی لە کەرکوک لەوبارەوە، وێڕای تۆمەتبارکردنی سەرپەرستی پارێزگاریی کەرکوک بەئەنجامدانی کردەی نایاسایی وەک بەعەرەب کردنی کەرکوک، ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی پارێزگایی دەورێکی گرینگی بووە لە ئیدارەی کەرکوکداو پێشی گرتووە بە زۆر کردەی نایاسایی سەرپەرشتی پارێزگاری و دەبێ هەرچی زووتر بەشێوەی یاسایی چالاک بکرێ و ئەرکەکانی ئەنجام بدات.