کانونی دوھەم 11, 2019 17:09 Asia/Tehran
  • رێکخراوێک: لە هەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتن بە کرێکارانی بیانییەوە کراوە​

رێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی ئاماری ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە ٢٢ هەزار کرێکاری بیانی لە کوردستاندا کاردەکەن و لەساڵی رابردوودا پێنج کرێکاری بیانی کوژراون.

 

بە پێی راپۆرتی خەندان ، محەمەد هەژار، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٠٠ کەیسی لێدان و پاسپۆرت لێسەندن و باندکردن و سوکایەتیکردن بە کرێکارانی بیانی لە هەرێم هەبووە و تەنها دووحاڵەت هەبووە کە چارەسەر نەکراوە.

وتیشی، لە ساڵی رابردوودا ٣٥ کرێکاریان دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کردووەتەوە بەهۆی بوونی سزای مادی و یاسایی لەسەریان.

سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی دەشڵێت، لە ساڵی رابردوودا گروپێک هەبوون پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە بەبیانووى راییکردنى کارەکانیان، بەڵام هیچیان بۆ نەکردوون و لە ماوەی ساڵی رابردووشدا ١٦ کەیسی گیانلەدەستدانی کرێکاری بیانی هەبووە و پێنج کەسی دیکەش کوژراون.

 بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٨ کرێکاری بیانی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە و لەو ژمارەیەش ١٦ کرێکاریان لە رەگەزی نێر بوون و ١٢ رەگەزی مێ بوون، ئەوان توانیویانە ١٢ کرێکار رزگاربکەن و تا ئێستا ١٦ دیکەیان ماون کە لە بەغدا بەندکراون و رزگار نەکراون.

هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دوو کەیسی دەستدرێژی سێکسی هەبووە کە گەڕێندراوەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان و دەشڵێت، دەبێت پلانی تۆکمە هەبێت بۆ خزمەتکردن بە مەسەلەی کرێکاران و یاسای کار کارا بکرێتەوە و سنورێک بۆ هێنانی کرێکاری بیانی دابنرێت و باج لەسەر کرێکارانی بیانی کەمبکرێتەوە، لەسەدا ٨٠ی دەستیکار کرێکاری خۆماڵی بێت.