کانونی دوھەم 14, 2019 20:46 Asia/Tehran
  • ڕێکخراوی چاودێر بەسەر چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان: بەشی زۆری داهاتی نەوتی هەرێم دەدرێ بە کۆمپانیا نەوتییەکان

ڕێکخراوی چاودێر بەسەر چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان(دۆر) ڕایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتەبەردەست کۆمپانیا نەوتییە چالاکەکانی هاوپێوەند بە نەوتی هەرێم و حکومەتی هەرێم دەبێ هەرچی زووتر سیاسەتە نەوتییەکانی بگۆڕێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ڕێکخراوی تایبەتی دۆر کە لەبارەی چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان وداهاتەکانی لێکۆڵینەوە دەکاو هەموو ساڵ چەندین ڕاپۆر لەوبارەوە بڵاو دەکاتەوە، لەدواڕاپۆری خۆیدا ڕایگەیاند کە زیاتر لەنیوەی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم، دەخرێتەبەردەست کۆمپانیا نەوتییە چالاکەکان لەبواری هەڵێنجان، بەرهەم هێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم .

ڕێکخراوی دۆر لەو ڕاپۆرەدا پێی داگرتووە، پێویستە هەرچی زووتر حکومەتی هەرێم بەجیددی بە سیاسەتە نەوتییەکانیدا بچێتەوەو ڕێکارگەلێکی شیاو بۆ گۆڕینی دۆخەکە بگرێتەبەر.

لەوبارەوە شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بەماڵپەڕی ئێس ئێن ئێنی وت؛ هەموو تێچووی هەڵێنجان، بەرهەم هێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم لە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکانە بۆیە، زیاتر لە نیوەی داهاتە نەوتییەکانیش دەدرێ بەو کۆمپانیانە.

ناوبراو وتی کە چۆنیەتی چالاکی و داهاتی ئەو کۆمپانیانە بەگوێری گرێبەستگەلی بیست و پێنج ساڵانە کەلەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گرێدراوە.

شێرکۆ جەودەت وتیشی؛ لەخولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان یاسای دامەزرانی سندوقی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەو چاودێری بەسەر چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتەکانی، پەسەندکرا، بەڵام دانانی ئەو سندوقە نەگەیشتووەتە قۆناخی جێ بەجێ کران.

شێرکۆ جەودەت پێی داگرت، لە خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، نوێنەران ئەوپەڕی هەوڵیان دەخەنەرگەڕ بۆ دانانی ئەو سندوقە کە ئەرکە سەرەکییەکەی چاودێریی بەوردی، شەفاف سازی و کۆنترۆڵ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ و لەو ڕێگەوە، وردییاتی ڕێژەی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و قەرزەکانی حکومەت لەو بارەوە دیاری دەکرێ.