شوبات 15, 2019 19:26 Asia/Tehran
  • سەفەری وەفدێکی هەڵەبجەیی بۆ ئێران بەمەبەستی وتووێژ لەبارەی بەڕەسمیی کرانی دەروازەیەکی سنووری

پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، شاندێکی فەرمی لەو پارێزگایە سەردانی ئێران دەکا بەمەبەستی وتووێژ سەبارەت بە ڕەسمیی کرانی دەروازەی سنوریی سازان لەنێوان ئێران و هەڵەبجەدا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس: ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بەSNNی ڕاگەیاند: بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەیاوەریی قائیمقامی هەڵەبجەو بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەو ژمارەیەوک بەرپرسی دیکەی هەڵەبجە، سەردانی ئێران بکەین.

ناوبراو وتیشی: سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارێزگاری کرماشان وبەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەبوارەکانی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان ئەنجام دەگرێ.

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، لەپاڵ هەردوو مەرزی  (تەوێڵە ـ شۆشمێ و مەرزی پشتە)، کار بۆ بەفەرمی کردنەوەی مەرزی سازان دەکەین، بۆئەوەی وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆکردنی هاوڵاتیانی تێدا بکرێت.