نیسان 22, 2019 08:37 Asia/Tehran
  • کاتی ئیمزاکرانی رێککەوتنامەی یەکیەتی و پارتی دیاری نەکراوە

ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکیەتی رایگەیاند هێشتا هیچ کاتێک بۆ ئیمزاکرانی رێککەوتنامەی نێوان یەکیەتی وپارتی لەسەرپێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دیاری نەکراوە .

بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکیەتی وەک دوهەمین حزبی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ، لە دیمانەیەکدا لە گەڵ رووداو ، وێڕای ئاماژە بە وەی کە رۆژی یەکشەممە دانیشتنی مەکتەب سیاسی بە مەبەستی وتووێژ و لێکدانەوەی گۆڕانکاریەکانی رۆژ لە هەێم بەڕێوەچووە ، رایگەیاند هێشتا کاتێک بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی یەکیەتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم دیاری نەکراوە .

 ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی و یەکیەتی بەرلەوە رایانگەیاندبوو رێککەوتنی نێوان ئەوان لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکان و چۆنیەتی پێکهاتنی حکومەتی نوێی هەرێم یەکجارەکی بووە وهیچ بابەتێکی چارەسەر نەکراو نەماوە . 

 عیماد ئەحمەد گوتی دواکەوتنی ئیمزاکرانی رێککەوتنامە لەسەر داوای پارتی بووە و پارتی داوای کاتی زیاتری کردووە .

دوای تێپەڕینی 202 رۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ، بابەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ، بووە بە کێشەی نێوان یەکیەتی و گۆڕان و دانوستانەکانی پێکهاتنی کابینەی پەک پێ خستووە .