کونسوڵی ئێران لە هەولێر: هەرێم پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت
کونسوڵی ئێران لە هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەرپرسانی ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا پابەندی سزاکانی ئەمریکا نابێت.
مورتەزا عەبادی، کونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا رایگەیاندووە، "بەرپرسانی ئەمریکا لە سەردانەکانیاندا بۆ ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت بازرگانانی ھەرێم بترسێنن بازرگانی لەگەڵ ئێران نەکەن، بەڵام ئەو ھەوڵانە بێسود دەبن".
باسی لەوەشکردووە، داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەهۆی پشووەکانی ھەفتە یان پشووە فەرمییەکان لە ئێران، بوەتە ھۆی ناڕەزایەتی لایەنی عیراق و ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "نزیکەی 40٪ی کۆی بازرگانی ئێران لەگەڵ عیراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوەیە کە حهوت دەروازەیە".
کونسوڵی ئێران لە هەولێر روونیشکردووەتەوە، ساڵی رابردوو بە تەنها لە مەرزی کێلێ بە بەھای نزیکەی 140 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستاندا کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان زۆرترین دەروازەی سنوری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و کاڵای ئێرانی بەڕێژەیەکی بەرچاو لە بازارەکانی هەرێمدا دەبیندرێن.