ته‌مووز 10, 2019 16:36 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی تازەی ھەرێمی کوردستانی سوێندی یاسایی خوارد

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی تازەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ لە بەردەم پەرلەمانی ھەرێم سوێندی یاسایی خوارد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی وشە، مەسروور مەسعود موستەفا بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ لەپاش دەنگ وەرگرتن بۆ کابینەی حکومەتەکەی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاووڵاتییان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی تری دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت.

ناوبراو لە بەشی یەکەمی وتارەکەی دا پێی داگرت: خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد. ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی  دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا وێڕای دەربڕینی ڕێزو سوپاس و پێزانینیی خۆی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان و ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی بەرلەخۆی و سەرجەم کابینەی ھەشتەمی ھەرێمی کوردستان و ڕێزنان لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە بەر دەنگ دانیان بە کابینەکەی پێی داگرت: پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان .

ناوبراو جەختیشی کرد: چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمان کاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان ڕاست بین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان لەبەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین. دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆمان راستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان و خزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.

سەرۆکی کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەروەھا وتیشی:  خواستی یەکەمی هاووڵاتیانمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کەلتوور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاووڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکاران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاووڵاتیان بەجێ بھێندرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی وتارەکەی دا پێی داگرت: هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەمەولا ئەجندا و بەرنامەی حکوومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و رێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەڵکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکوومیدا بکێشێت. ئەم حکوومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکوومەتی هەمووانە.

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی وتارەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بە قەرزەکانی حکومەتی پێشووی ھەرێم پێی داگرت:حکوومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێکی نەخوازراوە و دیارە  لەدەسپێکدا کابینەکەمان رووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بەپێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.

مەسرور بارزانی وێڕای ئاماژە کردن بە قۆناغی ناکۆکییەکانی ڕابردووی ھەرێم و دەوڵەتی ناوەندی ، پێی داگرت: لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئەرێنییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانوستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کە بێ گومان کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدرالیی بەهێز و پێشکەتوو .

سەرپەیڤ