ئاب 09, 2019 17:22 Asia/Tehran
  • پەرە پێ درانی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان

لە دیداری کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر لەگەڵ جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سەر پەرە پێ دانی هاوکارییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان پێی داگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،نه‌سڕوڵڵا زارع رەشنودی کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە دیدار لەگەڵ مۆنا قەهوەچی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئاماژە کردن بە جێ و شوێنی کاریگەری پەرلەمان لە هەرێمی کوزدستان، وێرای پێشوازی کردن لە پێکهاتنی حکومەتی تازە لە هەرێم و پشتگری کردن لەو کەشە ئەرێنییەو و پەیوەندی و هاوماریی نێوان هەولێرو بەغدا، لە سەر ئامادەیی ئێران بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەم ناوچەیە پێی داگرت.

لەم دیدارەدا مۆنا قەهوەچی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش، ستایشی یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جەماوەری هەرێمی کوردستانی کرد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە تایبەت لە کاتی شەڕی داسەپاودا.

نه‌سڕوڵڵا زارع رەشنودی کۆنسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە دیدرێکی جیادا لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لە سەر ڕۆڵی کارای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکان پێی داگرت.

هێمن هەورامیش هەر لەو دیدارەدا جەختی کرد لە سەر ئامادەیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پەرە پێ دانی هاوکاریی پەرلەمانی و گۆڕینەوەی ئەزمونەکان لەنێوان هەردووک لادا.