تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 16:46 Asia/Tehran
  • 
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان ئاشکرا کرا

سەرۆکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ووتی:پێویستە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بکرێت.

دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی رۆژناوانیدا سەرۆکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باسی لە ناوەڕکی کۆبوونەوەکە کرد و رایگەیاند "پێویستە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بکرێت، بۆ ئەوەی ھەم پشتیوانیی لە کابینەی حکوومەت بکرێت و ھەمیش گوتارێکی ھاوبەشمان ھەبێت".

عەدنان عوسمان، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گوتی: "پێویستە پەیوەندیی لەنێوان ھەموو لایەنە سیاسییەکاندا ھەبێت، بەتایبەتی ئەو سێ لایەنەی کە بەشدارن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەت".

گوتیشی: "ئێمە پشتریش داوامان کردووە کە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ھەبێت، بۆ ئەوەی ھەم پشتیوانیی بۆ کابینەی حکوومەت ھەبێت، ھەمیش گوتارێکی سیاسیی ھاوبەش ھەبێت بۆ پرسی چاکسازیی، ھەروەھا لە ئاستی عێراق و ھەموو ناوچەکەشدا گوتارێکی یەکگرتوومان ھەبێت".

سەرۆکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا: "ئێمە کۆمەڵێک رێککەوتنی گرنگمان لەگەڵ یەکێتی ھەیە و پێویستە ھەردوولا پابه‌ندی رێککەوتنەکانمان بین".