تشرینی یه‌که‌م 10, 2019 08:15 Asia/Tehran
  • شەرمەزارکرانی دەسدرێژییەکەی تورکیا بۆسەر باکووری سوریا لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە

پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌ و جەختی کرد: بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشیەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاجیای کوردستانی سوریا دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە،پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکی له‌باره‌ی له‌شکرکێشییه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند : دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغێکی هەستیار و ناجێگیردایەو شەری تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشیە نەک چارەسەریی کێشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتریش دەخاتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، هەموو هێزو توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو رێگرتن لە ناسەقامگیریی زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووه‌، "بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاووڵاتیانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لە هەر لایەکەوە بێت، پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لە سەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی هەمیشەیی کیشەکانی ناوچەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پەرلەمانی ھەرێم جەخت لە سەر ئەوەش کراوە کە، گەلی کوردستان بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شکست پێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانە دیی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی، دیارە بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوە ، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆریستان دێنێتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددیەوە.