تشرینی یه‌که‌م 10, 2019 14:05 Asia/Tehran
  • سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم: له‌ هه‌وڵداین بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنه‌که‌ی تورکیا

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەک سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆڕاگرتنی ئەو شەڕەی لە باکووری سوریا هەیە.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا راشیگەیاند، بە وەزیری‌ دەرەوەی‌ روسیاشیان وتووە، کە داوا لە تورکیا بکەن ئەو شەڕە بەردەوام نەبێت.وتیشی: "وەک هەرێم ئێمە حکومەتمان هەیە و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ هاتنی هاوڵاتیان لە  باکووری سوریاوه، لەگەڵ ئەوەی هیواخوازین دۆخەکە نەگات بەو ئاستە ئەو خەڵکە ئاوارە بێت و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوری سوریا- تورکیا کشاندەوە، لە دوێنێ ئێوارەوە هێرشی تورکیا دەستی پێکردووە، هەرچەندە روون نییە ژمارەی کوژراوان چەندن، بەڵام بەپێی راگەیەندراوەکانی هەسەدە  لانیکەم سێ شەڕڤان و دەیان هاوڵاتی مەدەنی  کوژراون ، هاوکات پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و چوار تانکیان تێکشکاوە.