کانونی یه‌که‌م 04, 2019 16:48 Asia/Tehran
  • بۆ جاری چوارەم وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەسەر رەوشی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە تاوتوێکرا و بڕیاریدا، جارێکی دیکە وەفدی هەرێم بچێتەوە بەغدا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی سبەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو لە کۆبوونەوەکەش دا لەبارەی ئەنجامی کۆبونەوەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بس و وتووێژکرا.

لەو دانیشتنەدا ئەندامانی شاندەکە دوایین پێشکەوتنەکانی رەوشی دانوستان و گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی بەغدایان خستەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی نیشان داوە بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بە ئاراستەی رێککەوتن لە سەر پڕۆژە بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی (2020) کە ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە قۆناغی ئامادەکردندایە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا.

جێگای ئاماژەیە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتو شاندی دانوستانکار سەردانی بەغدا بکات.ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردودا، شاندی حکومەتی هەرێم سێ جار سەردانی بەغدای کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و بەپێی سەرچاوەکان لێکتێگەیشتنی تەواوەتی لەنێوان هەردولا دروست بووە و لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکن.