کانونی دوھەم 20, 2020 10:20 Asia/Tehran
  • هه‌رێمی کوردستان مه‌رجه‌کانی بۆ سەرژمێری گشتی له‌ عێراق راگه‌یاند

وەزیری پلاندانانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عیراق رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە و پێشوازی لە سەرژمێری دەکات بەو مەرجەی حکومەتی عێراق هاوکار و هەماهەنگ بێـت بەتایبەت لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە دابرێندراوەکان.

دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی باڵای عێراق بۆ سەرژمێری و نوێنەری سندوقی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگه‌یاند، "هەرێمی کوردستان ئامادەیە و پێشوازی لە سەرژمێری دەکات بەو مەرجەی حکومەتی عێراق هاوکار و هەماهەنگ بێـت بەتایبەت لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە دابرێندراوەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە".

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماده‌یی بوو، دارا ڕەشید ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، "دەبێت نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە جیهانیەکان رۆڵی کارای خۆیان بگێڕن بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە".

له‌ راگه‌یه‌ندراوی کۆبوونه‌وه‌که‌دا هاتووه‌، پاشان تاوتوێی دابینکردنی بودجە و پێداویستی و چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێری کرا کە لەماوەی رابردوودا چەندین کۆبونەوە لەنێوان هەرێم و بەغداد ئەنجامدراوە.