لە شاری هەولێر و قەزاو ناحیەکانی هاتوچۆی پیادەش قەدەغە کرا
ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری ئەو شارە کۆبووەوە و دوای کۆبوونەکەش لە راگەیەندراوێکدا چەند رێکارێکی نوێی لە سنووری پارێزگاکە راگەیاند، گرنگترینیان ئەوە بوو کە هاتوچۆی پیادەش قەدەغە کرا.
دەقی راگەیەندراوەکە:
دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درێژ کردنەوەی قەدەغە کردنی هاتووچۆ تاوەکو 2020/4/1، ئەمشەو ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
کۆبوونەوە بڕیاریدا:-
1- جگە لە قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمۆبێل، هاتوو چۆی پیادەش لەسەر جەم کۆڵانەکانی قەزا و ناحییەکان و ناوەندی شاری هەولێر قەدەغەیە، تەنها بۆ حاڵەتی کڕینی خوراک و پێویستی زۆر زەرور نەبێ، هیچ کەسێکی دیکە ڕێگەپێدراو نییە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، هەرکەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
2- سەرجەم مارکێت و سەمونخانە و نانەواخانەکان، ئەو شوێنانەی ڕێگەی کارکردنیان پێدراوە، پابەندنی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دادەخرێن.
داواکارین لە تەواوی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێ بەجێ بکەن و لەماڵەکانیان بمێنەوە.