ناسرانی 6 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایروسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و حاڵەتێک لە کەرکوک
وەزاڕەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی عێراق باسی ناسرانی 6 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایروسی کۆرۆنا لە هەرێم دەکات و ئیدارەی تەندروستیی کەرکوکیش دەڵێ ژنێکی بەساڵاچوو ئەم ڤایروسەی گرتووە .
وەزاڕەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ئاگاداریەکدا رایگەیاندووە 6 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایروسی کۆرۆنا لە پارێزگەی سلێمانی ناسراون .
بە پێی ئەم ئاگاداریە توشبوانی نوێ سێ ژن ، دوو منداڵ و پیاوێک لە دانیشتوانی دەربەدنیخانن و بە هۆی پێوەندی لە گەڵ کەسانێک کە پێشتر لەم ناوچەیەدا تووشبوون ، ئەم نەخۆشیەیان گرتووە .
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی تەندروستی سلێمانی باسی باشبوونەوەی 5 کەسی دیکە دەکات .
لە لایەکی دیکەوە ئیدارەی تەندروستیی کەرکوکیش باسی تووشبوونی ژنێکی بەساڵاچوو بە ڤایروسی کۆرۆنا دەکات و دەڵێ ئەم کەسە پێشتر نەخۆشیی دیکەی هەبووە .
بەر لەوەش تووشبوونی 7 کەس بە ڤایروسی کۆرۆنا لە کەرکوک پشتڕاستکرابووەوە .
تا ئێستا 27 کەس لە نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چاک بوونەوە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە .