ئادار 26, 2020 15:50 Asia/Tehran
  • وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان: تەشەنەنەکردنی کۆرۆنا بەهۆی پابەند بوونی هاووڵاتیانە بە رێکارەکان

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی دا لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، زۆر خۆشحاڵ بووم بە ئامادەکارییەکانی پارێزگا و تەندروستیی هەڵەبجە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئامێرو قەرەوێڵەی  پێویست لە شارەکە دابینکراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە، لە هەڵەبجە رشاندن و پشکنین ئەنجامدراوە و چەندین گەشتیار و گومانلێکراوێک کەرەنتینە کراون.

ئاشکراشیکرد، سەرەتا گومانەکان تەنها لە گەشتیارەکان بوون، بەڵام ئێستا گەشتیار تاکە سەرچاوەی کۆرۆنا نین و پشکنین بۆ هەموو ئەوانە دەکرێت کە گومانیان لەسەرە.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، تەشەنەنەکردنی کۆرۆنا بەهۆی پابەندیی هاووڵاتیان بە رێکارەکانی حکومەتی هەرێم بووە، حکومەت ئێستا لە قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکەدایە.

لەبارەی داتاکان لە هەرێمی کوردستانیش، وەزیری تەندروستی رایگەیاند لە هەرێم ١٠٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەو دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە و٢٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.