ئادار 30, 2020 09:10 Asia/Tehran
  • بەڵگەکانی بەرتیلە ٢٥٠ ملوێن دۆلارییەکەی بواری نەوت  ڕادەستی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان کرا

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە بەڵگەکانی خۆی سەبارەت بە ٢٥٠ ملوێن دۆلاری کۆمپانیای رۆسنەفت و چەند دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی رادەستی داواکاری گشتیی ھەرێم کردووە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان  لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خەندان ڕایگەیاند: دوابەدوای داخوازیی داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان ، بەڵگەکانی خۆی سەبارەت بە 250 ملیۆن دۆلاری رۆسنەفت و دۆسیەکانی دیکەی ھاوپەیوەند بە گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان خڕ کردووەتەوەو بە وردیاتێکی تۆکمەوتەواوەوە رادەستی داواکاری گشتیی کردوون.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: بەڵگەنامەکان رونن و بەدواداچوون و یان گەڕاندنەوەی تەنانەت بەشێکی پارەکەش بۆ خەزێنەی دەوڵەت هەرباشەو کاریگەریی لە سەر ڕەوشتی ئابووریی ھەرێم دەبێت.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دەنگوباسێک لە بارەی وەرگیرانی بەرتیلێکی ٢٥٠ ملوێن دۆلاری لە بواری نەوتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دەست گیران بەسەر ملیاردێک دۆلار لە داراییەکانی ھەرێم لە میدیا کوردییەکاندا بڵاو بووەوە کە دوابەدوای ئەوەش مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی پێویستە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ئەم دەنگۆیانە بکات و داواشی کرد کە ئەگەر کەسێک لەم پەیوەندییەدا بەڵگەیەکی لە لایە ڕادەستی داواکاری گشتیی بکات بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت.