نیسان 06, 2020 16:09 Asia/Tehran
  • چوونەسەری ژماری تووشبووان بە کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بۆ دووسەت و سی و شەش حاڵەت

بە ناسکرانی سێ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆناڤایرۆس لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ژماری تووشبووان لە هەرێم بۆ دووسەت و سی و شەش حاڵەت زیادی کرد.

وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی هەرێمی کوردستان هەواڵی ئاشکرابوونی سێ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆناڤایرۆس لە ناوچەی چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سڵیمانی بڵاوکردەوە کە ئەو تووشبوانە سێ ئافرەتن لە تەمەنی بیست و بیست و چوار و بیست و هەشت ساڵداو بەهۆی بەرکەوتنیان بەکەسانی تووشبوو لەو ناوچەیە تووشی پەتاکە بوون.

لەهەمان  کاتدا ئیدارەی تەندروستیی پارێزگای دەهۆک هەواڵی چاکبوونەوەی کەسێکی تووشبوو بەکرۆنا ڤایرۆسی ڕاگەیاند کە بەم چەشنە ئاماری کەسانی چارەبۆکراو لە هەرێم گەیشتووەتە هەشتاو حەوت کەس.

تائێستا ٢٣٦ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنابوون کە لەو ژمارەیە، سێ کەسیان گیانیان لەدەست داوەو وەزیری تەندروستیی هەرێمیش باسی شپرزەبوونی حاڵی نەخۆشێکی دیکەی کردووە.

پارێزگای سلێمانی بە سەت و پانزە تووشبوو بە کۆرۆناڤایرۆس زیاترین ژماری تووشبوو بە کۆرۆنا لەخۆ دەگرێ کە لەو ژمارەیە شەست و دووانیان چاکبوونەوە.

هاوکات و دوابەدوای چوونەسەری ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەو ڕەچاوکرانی کەرەنتینەی گشتی، توندترکراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە پابەندنەبوون بە یاسای قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمەوە، هۆکاری بڵاوبوونەوەو تەشەنای پەتاکەیە، دەستی دایە توندترکردنی یاساوڕێساکانی قەدەغەی هاتووچۆ لەئاستی شارەکانداو هێزی پۆلیس و ئاسایشیش، پێش دەگرن بەهەرچەشنە هاتووچۆیەک لەناو شارەکاندا.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم پێیان داگرتووە، بەڕێوەچوونی هەرچەشنە گردبوونەوەو یان پرسەو سەرەخۆشی بەرەوڕووی ڕەفتاری توندی پۆلیس و ئاسایش دەبێتەوە.

وەزیری تەندروستیی هەرێم لەوبارەوە وریایی دا، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کەسانێکی زۆرتر لەهەرێم تووشبووبن لەبەر پابەندنەبوون بە ڕێنمایی و یاساکان و کەرەنتینەکران و لەڕۆژانی داهاتوودا بەناسکرانیان ئاماری تووشبووان لە هەرێمدا زیاد بکا.